تەندروستیی ئیدارەی راپەڕین: ئەمڕۆ 12 مامۆستا لە سەنتەری ئیدارەکەمان تووشی کۆرۆنا بوون

تەندروستیی ئیدارەی راپەڕین: ئەمڕۆ 12 مامۆستا لە سەنتەری ئیدارەکەمان تووشی کۆرۆنا بوون
بەراورد بە سێ رۆژی رابردوو، تووشبووانی دەستنیشانکراوی ڤایرۆسی کۆرۆنا لە سنووری ئیدارەی راپەڕین زیادیان کردووە، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین دەڵێت "تەنیا ئەمڕۆ 12 مامۆستا لە سەنتەری راپەڕین تووشی کۆرۆنا بوون.. هەروەها کارگوزار و فەرمانبەریشمان هەن تووشی ڤایرۆسەکە بوون".

د. دیار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین راگەیاند "بەهۆی تێکەڵاوی و پابەندنەبوونی خەڵک بە رێنماییەکان، ژمارەی تووشبووانی کۆرۆنا لە راپەڕین زیادیکردووە.. بەهۆی زۆریی ژمارەی تووشبووانیشەوە گوشارێکی زۆرمان لەسەرە".

بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین ئاماژەی بەوەش کردووە "ئێستا لە رانیە 31 قەرەوێڵەمان هەیە و سەرجەمیان نەخۆشیان لەسەرە، لە هەوڵی زیادکردنی ژمارەی قەرەوێڵەکانداین، بەڵام چاوەڕوانی تەواوبوونی ئەو نەخۆشخانە خێرخوازیەین کە مەکتەبی سیاسیی یەکێتی و لاهور شێخ جەنگی، هاوسەرۆکی یەکێتی ئەرکی دروستکردنیان لەئەستۆ گرتووە".

ئێستا لە رانیە تەنیا یەک تاقیگەی پشکنینی ڤایرۆسی کۆرۆنا هەیە، د. دیار ئیبراهیم دەڵێت "بەنیازین تاقیگەیەکی دیکەش لە قەڵادزێ بکەینەوە و بۆ ئەو مەبەستەش دراوەتە تەندەر و چاوەڕوانی ئەنجامین بۆ دەستکردن بە کارەکان".

هەموو رۆژانێکی دووشەممە لە راپەڕین هەڵمەتێکی هۆشیارکردنەوە بەڕێوەدەچێت، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی راپەڕین لەوبارەیەوە باسی لەوە کرد "خەڵکێک هەن باوەڕیان بە بوونی کۆرۆنا نییە و کەسانی بەتەمەنیش هەن بەهۆی چوونە دەرەوەی منداڵەکانیان یان چوونی کوڕ و کچێکی بۆ قوتابخانە، تووشی کۆرۆنا بوون".

بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە راپەڕین ئەمڕۆ 19 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، دوێنێ 12 کەس و پێرێش 12 تووشبووی دیکەی کۆرۆنا هەبوون. بە هەمان شێوە، ئەمڕۆ سێ کەس، دوێنێ پێنج و پێرێش دوو تووشبووی کۆرۆنا مردوون.
rudaw -
Top