پەرلەمانتارێک: پەكەكە بۆ جێبەجێكردنی ئەجێندای دوژمنانی گەلەكەمان لەسەر سنوورەكان ماوەتەوە
وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی فراكسیۆنی پارتی دیموكراتی كوردستان لە پەرلەمانی كوردستان رایگەیاند: "هەر لەو كاتەوەی پەرلەمان و حكوومەتی هەرێمی كوردستان دامەزراوە، پەكەكە بووەتە گرفت و كێشە بۆ هەرێمی كوردستان، كە تا ئێستا بەهۆی جموجۆڵی سەربازییان و خراپیی رەوشی ناوچە سنوورییەكان و بۆردومانی سوپای توركیا بەهۆی ئەوانەوە، زیاتر لە 800 گوند ئاوەدان نەكراونەتەوە، ژیانی چەندان هاووڵاتیی گوندە سنوورییەكان لە مەترسی و دڵەڕاوكێدایە، ئەوەش ئەوە دەگێنێت كە تا ئێستا پەكەكە تەنیا بۆ خۆسەپاندن و جێبەجێكردنی ئەجێندای دەرەكی و دوژمنانی گەلەكەمان، لەسەر سنوورەكان ماونەتەوە".
ڕوونیشی كردەوە، "هێزێكی چەكداری وەك پەكەكە، هیچ شەرعیەتێکی یاسایی لە هەرێمی كوردستاندا نییە تاوەكوو بەم سیاسەتەوە لە سەر خاكی هەرێمی كوردستاندا بێت، ئەگەر مەبەست و ئامانجێكی دیكەی نەبێت".
وەیسی سەعید وەیسی ئاماژەی بەوەش کرد: "هەروەك لە رابردووەوە تا ئێستا بەردەوام بووە لە دژایەتیكردنی ئەزموونی سیاسیی هەرێمی كوردستان و داگیركردنی بەشێكی زۆری سنوورەكان و ڕفاندنی هەرزەكاران و ئاژاوەنانەوە و تیرۆركردنی خەڵك و ئەژمارنەكردنی ئەو خەڵكەی كوردستان بە كورد كە سیاسەتی ئەوانی پێ ڕاست نەبووبێت، هەروەها زۆر كار و كردەوەی تریان دەرخەری ئەو راستییەیە كە پەكەكە ئەجێندای كێ پەیڕەو دەكات و دژی هەرێمی كوردستانە".
بە گرنگیشی زانی، سەرانی پەكەكە بە سیاسەتی چەوتی خۆیاندا بچنەوە و ”چیتر شەڕی بە وەكالەت نەكەن و كێشەی خۆیان و خەڵكیتر نەهێننە هەرێمی كوردستان، بۆ ئەوەی مەترسیش لەسەر ژیان و بەرژەوەندییەكانی خەڵكی هەرێمی كوردستان دروست نەكەن".
باسنیوز
