بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ لە بەشێکی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێ ناکرێت

بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ لە بەشێکی شارەکانی رۆژهەڵاتی کوردستان جێبەجێ ناکرێت


بڕیاربوو مهاباد دابخرێت، بەڵام جموجۆڵ و هاتووچۆ تەواو ئاساییە. هەموو شارەکانی پارێزگای ورمێ لەڕووی بڵاوبوونەوەی کۆرۆنا لە دۆخی سووردان، بەڵام زیاترین بڵاوبوونەوەی پەتاکە، بەپێی ژمارەی دانیشتووان، لە شارەکانی مهاباد، پیرانشار و ماکۆیە. ئەو سێ شارە لە ریزی ئەو 43 شارەدان کە حکومەتی ئێران لە دووشەممەوە بڕیاریداوە، رێکاری تووندی کۆنترۆڵی کۆرۆنایان تێدا دابندرێتەوە.

بڕیارەکە لە رۆژهەڵاتی کوردستان 14 شار لەخۆدەگرێت، لانیکەم لە مهاباد هیچ ئاسەوارێک لە جێبەجێکردنی نابیندرێت. لە هەندێک شاری دیکەش بە هەمان شێوەیە، وەکو بانە. لەوێش دووکان و بازاڕ و شوێنە گشتییەکان کراوەن. هاونیشتمانییان، پابەندنەبوونی خەڵک بە بڕیارەکان بۆ دۆخی خراپی ژیانیان دەگێڕنەوە و دەڵێن، گرانی و کەمداهاتی لەلایەک و هاوکارینەکردنی حکومەت لەلایەکی دیکە، هۆکاری پابەندنەبوونیانە.

زانکۆی پزیشکیی ورمێ پێشنیوەڕۆی سێشەممە رایگەیاند، لە 24 کاژێردا 304 تووشبووی کۆرۆنا لە نەخۆشخانەکانی ئەو پارێزگایە خەوێندراون و ژمارەی تووشبووانی خەوێندراو گەیشتووەتە نزیکەی 1500 کەس، بەوەش ژمارەی خەوێندراوان لە قەرەوێڵە تەرخانکراوەکان تێپەڕیوە و ئەوەش واتە نیگەرانبوونی زیاتری خەڵک.

بەرپرسانی حکومەت دەڵێن، هەرکەس پابەندی بڕیارەکانی کۆنترۆڵی کۆرۆنا نەبێ، سزا دەدرێت، بەڵام بە گوتەی پارێزگاری ورمێ، ئەگەر هەموو شوێنەکانیش دابخەن، مادام خەڵک بە قەناعەتەوە پابەندی خۆپارێزی نەبن، دیسانیش کاریگەریی نابێت. هەتا ئەم قەرەباڵخی و پابەندنەبوونانە بەردەوام بن، کۆرۆناش زیاتر بڵاودەبێتەوە.
rudaw -
Top