لە کۆمەڵگەی سێبیرانی هەولێر منداڵێکی سێ ساڵان دەسووتێنرێت

لە کۆمەڵگەی سێبیرانی هەولێر منداڵێکی سێ ساڵان دەسووتێنرێت


منداڵێکی کچی تەمەن سێ ساڵان بە ناوی (خانم)، ئێوارەی رۆژی شەممەی رابردوو بۆ یاریکردن بە پێکەنین و راکردن دەچێتە کۆڵان، بەڵام پاش ماوەیەک بە سووتاوی و بە گریانەوە دەیهێننەوە بۆ دایکی. چەند رۆژێک بەسەر رووداوەکەدا تێپەڕیوە، بەڵام هێشتا نازانرێت تاوانباری ئەو رووداوە کێیە، هەر ئەوەش خەمی سەرەکی دایک و باوکی خانمن.

ئەوەی لە جەستەی خانمدا دەردەکەوێت، ئاگرێک سەرتاپای جەستەی منداڵانەی سووتاندووە. ئەم رووداوە کاژێر 7:30 خولەکی ئێوارەی رۆژی شەممە 24-10-2020 لە کۆمەڵگەی سێبیرانی هەولێر روویداوە.

ماڵباتی خانم تاساون، لەلایەک لە رووداوەکە و لەلایەکی دیکەش نادیاریی ئەو کەسەی ئەو کارەی کردووە.

بەناز ئیسماعیل، دایکی خانم گوت "قاپم دەشوشت لەگەڵ ژنی شووبراکەم، منداڵەکەم رایکردە کۆڵان، دوای ماوەیەک ژنێکی دراوسێمان بۆی هێنامەوە گوتی ئەمە کچی تۆیە، گوتم بەڵێ، من وامزانی کەوتووەتە نێو قوڕاو و ویستم سەری بشۆم، کەچی گوتی سووتاوە، هەر دەگریا و بانگی منی دەکرد".

ئەو ئاگرەی لە خانم بەربوو، بووەتە خەمێکی قورستر لە خەمی هەژاریشیان، رۆژانە بێجگە لە گریان بەدیار باڵای گڕگرتووی منداڵەکەیان، چیدیکەیان لەدەست نایە. بە قسەی باوکیدا دەردەکەوێت هیچ کێشەیەکیان لەگەڵ کەس نییە و گومانیشیان لە کەس نییە.

سەربەست تەتەرخان، باوکی خانم گوت "هیچ هەڵە و ناخۆشییەکمان لەگەڵ کەس نییە، نەک هەر خۆم بە خێزانی کێشەمان نییە، هەرکەسیش ئەو کارەی کردبێ لە رای خوا لێی خۆشدەبم، تەنیا بزانم کێیە، بەڵام چی بە من و بە کۆمەڵگە و یاسا دەڵێت و یاسا چی پێ دەڵێت؟".

دەرزی سڕکەر لە خانم دراوە بۆئەوەی کەمتر هەست بەو ئازارە جەرگبڕە بکات، رۆژانە چارەسەرێکی سەرەتایی بۆ دەکرێت.

محەممەد خەس، برینپێچەکەی خانمە و دەڵێت "رێژەی سووتاوییەکەی 80% دەبێت، هەر سێ چینی پێستی سووتاوە و گۆشتەکەشی سووتاوە، منداڵەکە درەنگ کوژێنراوەتەوە، ئاگرەکەش زۆر بووە، بەشێوەیەک نەبووە سەرەتا کەم بێت و ئینجا زۆر ببێت".

ئەو شایەتحاڵەی دیمەنی گڕگرتنی خانمی لەنزیکەوە بینیوە بە تەلەفۆن گوت "لەسەر شەقامەکە دەگریا و ئاگری پێوەبوو، کە من چوومە سەری هەموو جلەکانی سووتابوون، تۆزێک دایبی بەسەر پشتییەوە مابوو، هیچ کەسێکیش لە کۆڵانەکە نەبوو".

ژیانی خانم لە مەترسیدایەو لێکۆڵینەوەکان بەردەوامن، ئەوەی دۆزینەوەی تاوانبارەکەی سەختکردووە، ئەوەیە هیچ کامێرایەکی چاودێریی لەو کۆڵانەدا نییە.
rudaw -
Top