پارێزگای هەولێر: لە دوای 12ی شەو چەند شوێنێک دادەخرێن

پارێزگای هەولێر: لە دوای 12ی شەو چەند شوێنێک دادەخرێن
ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر راگەیێندراوێکی نوێی بڵاوکردەوە و دەڵێت، مەفرەزەی گەڕۆک لە هێزە ئەمنییەکان بۆ جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی کۆرۆنا و بەستنی دەمامک پێکدەهێندرێت و هەر کەسێک پابەندنی رێنماییەکان نەبێت سزا دەدرێت. دەشڵێت: لەدوای 12ی شەو "یانه‌ی شه‌وانه‌، نێرگه‌له‌كێشان، یانه‌كانی مه‌ی خواردنه‌وه‌ (باڕ)، موزیك لایف، ئاهه‌نگی شه‌وانەی یانەکان" دادەخرێن.

ئەمڕۆ یەکشەممە 25-10-2020، لەدیوانی وەزارەتی ناوخۆ، به‌سه‌رپه‌رشتی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بەئامادەبوونی هێمن قادر، پارێزگاری هەولێر بەوەکالەت و مەسعود کاڕەش، جێگری پارێزگار و ئەندامانی ژووری ئۆپەراسیۆن و سەرجەم قایمقامەکانی سنووری پارێزگای هەولێر و سەرۆکی شارەوانی و بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکان، ژووری ئۆپه‌راسیۆنی پارێزگای هه‌ولێر كۆبووەوه.

لە کۆبوونەوەکەدا چەند بڕیارێک دراون کە لیژنەی قایمقامییەتەکان و تیمەکانی تەندروستی و شارەوانی و چاودێری بازاڕ و هێزە ئەمنییەکان، راسپێردراون بەجێبەجێکردنی ئەو بڕیارانە لە سنووری پارێزگای هەولێر.

یەکەم: دەبێت سەرجەم هاووڵاتییانی سنووری پارێزگای هەولێر، بەڕەچاووکردنی رێکارەکانی خۆپارێزی لە ڤایرۆسی کۆرۆنا (دەمامک) ببەستن، هەرکەسێک رەچاووی بەستنی نەکات، بەپێی ئەو میکانیزمەی لە کۆبوونەوە بڕیاری لەسەردراوە، رێکاری یاسیایی لەبەرمبەردا دەگیرێتەبەر.

دووەم: پێکهێنانی مەفرەزەی گەڕۆک لە هێزە ئەمنییەکان بۆ چاودێریکردنی جێبەجێکردنی رێنماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزی لەکۆرۆنا و بەستی (دەمامک) لە شوینە گشتییەکانی کۆمەڵگە و قەزا و ناحییەکانی سنووری پارێزگای هەولێر.

سێیەم: شۆفێری ئۆتۆمبێلەکانی (تایبەت، بارهەڵگر و کرێ) دەبێت پابەندی رێناماییە تەندروستییەکان و رێکارەکانی خۆپارێزیبن و لەکاتی هەبوونی سەرنشین لەگەڵیان پێویستە شوفێر و سەرنشین (دەمامک) ببەستن، هەر کەسێک سەرپێچی بکات، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.

چوارەم: ئەم شوێنانە دادەخرێن: (هۆڵه‌كانی ئاهه‌نگگێڕان، هۆڵه‌كانی بووكگواستنه‌وه، ئاهەنگی دەرچووانی قوتابییانی زانکۆ و پەیمانگە ئەهلی و حکومییەکان، سەرجەم چالاکی خولە وەرزشییەکان‌، هه‌موو جۆرە گردبوونەوە و کۆنفرانس و کۆبوونەوەیەک)

پێنجەم: ئەم شوێنانە لە کاژێر 12ی شەو دادەخرێن: (یانه‌ی شه‌وانه‌، نێرگه‌له‌كێشان، یانه‌كانی مه‌ی خواردنه‌وه‌ (باڕ)، میوزیك لایف، ئاهه‌نگی شه‌وانەی یانەکان).

شەشەم: (پرسەدانان لە (هۆڵ-ماڵ-ژێرخێوەت)، مەراسیمی سەرقەبران) بەداخراوی دەمێنیتەوە، بنکەی پۆلیس و موختاری گەڕەک بەرپرسیارن، هەرکەسێک پابەندنەبێت، رووبەڕووی رێکاری یاسایی دەبێتەوە.

حەوتەم: هەموو ئەو شوێنانەی کراوەن، پێویستە تەواوی مەرجە تەندروستییەکان جێبەجێ بکەن لەبەستنی دەمامک و دروستنەکردنی قەرەباڵخی، له‌هه‌رشوێنێكی (بازرگانی، بازاڕ، دووكان، ماركێت، مۆڵ و چێشتخانه‌) رێنماییه‌ ته‌ندروستییه‌كان و رێکارەکانی خۆپارێزی بەتایبەتی بەستنی (دەمامک) جێبه‌جێ نه‌كرێت، ده‌ست به‌جێ ئه‌م شوێنه‌ رێکاری یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر و شوێنەکە دادەخرێت.

هەشتەم: هاوینەهەوار و شوێنە گەشتییاریەکان، دەبێت رەچاووی رێکارەکانی خۆپارێزی بکەن و خۆیان و گەشتییاران پایەندبن بە بەستنی(دەمامک)، هەرشوێنک پابەند نەبێت، رێکاریی یاسایی لەبەرامبەردا دەگیرێتەبەر.

نۆیەم: بەهۆی بەرزبوونەوەی ئامارەکانی تووشبوون بەڤایرۆسی کۆرۆنا لەهەرێمی کوردستان بەگشتیی، داوامان لە وەزیری ناوخۆی حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە، لە کۆبوونەوەی لێژنەی باڵای رووبەڕووبوونەوەی کۆرۆنا، لەگەڵ وەزیری پەروەردە و وەزیری خوێندنی باڵا، پێداچوونەوە بەدەوامی قوتابخانەکان و کۆلێژ و پەیمانگەکان و ناوەندەکانی خوێندن بکرێت.

دەیەم: داوا لەمامۆستایان و پیاوانی ئایینی و یەکێتی زانایانی ئایینیی پیرۆزی ئیسلام دەکەین، هەروەک چۆن لە رابردوودا هاوکارمان بوونە، بەهەمانشێوە هاوکارمانبن بۆ هۆشیارکردنەوەی نوێژخوێنان کە پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن و بەهیچ شیوەیەک رێگە بەخۆیان نەدەن بەبێ بەستنی (دەمامک) بڕۆنە ناو مزگەوت و شوێنە ئاینییەکان.

یازدەیەم: سەرجەم بازگەکانی سنووری پارێزگای هەولێر ئاگادار دەکەینەوە، رێگە بەهیچ گرووپێکی گەشتییاری و کەسێک نادرێت بەبێ بەستانی (دەمامک) داخڵی سنووری پارێزگای هەولێر بێت.

ژووری ئۆپەراسیۆنی پارێزگای هەولێر لە راگەیێندراوەکەدا دەڵێت، ئەم بڕیارانە لە کاژێر 12ی شەوی 26 لەسەر27ی 10ی 2020، دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە.
Top