مەحموود عوسمان : یەکڕیزی لایەنە کوردستانییەکان ئامادەکارییە بۆ هەر گۆڕانکارییەک
سیاسەتمەدارێکی ناسراوی کورد باس لەوە دەکات، کە یەکڕیزیی لایەنە کوردستانییەکان هەنگاوێکی گرنگە بۆ ئامادەکاری بۆ هەر گۆڕانکارییەک لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست.
مەحموود عوسمان، سیاسەتمەداری کورد بە (باسنیوز)ی راگەیاند، دوای 100 ساڵ تێپەڕبوون بەسەر داڕشتنی سنوورەکان لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، هێشتا بارودۆدۆخی ناوچەکە بە ئاڵۆزی ماوەتەوە و رەنگە خراپتریش بووبێت.
مەحموود عوسمان هەروەها رایگەیاند، هێشتا هیچ ئاماژەیەک بۆ گۆڕانکاریی لە سنوورەکانی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست نییە، ”ئەوەی لە ناوچەکە هەیە ململانێی ئەمریکا و رووسیایە“.
لەبارەی بارودۆخی کوردستان لەئەگەری گۆڕاکاریی لە نەخشەی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست، مەحموود عوسمان بە گرنگی دەزانێ هەموو لایەنە کوردستانییەکان بە یەکڕیزی کار بکەن، ”یەکڕیزیی نیشتمانیی لایەنە کوردستانییەکان ئامادەکارییە بۆ هەر گۆڕانکاریەک، ئەگەر روو بدات“.
بەهۆی ئاسایی بوونەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی، بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست گۆڕانکاریی بەخۆیەوە دەبێنێت و لە دوایین لێدوانیشیدا، بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل رایگەیاند، بەهۆی رێککەوتنەکانەوە، ”بارودۆخی رۆژهەڵاتی ناوەڕاست دەگۆڕین“.
ئێوارەی رۆژی هەینی 23-10-2020، دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا، بە تەلەفۆن پەیوەندیی بە بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و عەبدوڵڵا حەمەدۆک، سەرۆک وەزیرانی سوودان، کردووە.
لەو پەیوەندییەدا، سەرۆک وەزیرانی ئیسرائیل و سوودان رێککەوتن لەسەر دەست پێکردنەوەی پەیوەندییەکانی تەل ئەڤیڤ و خەرتووم.
تا ئێستا وڵاتانی میسر، ئوردن، ئیمارات، بەحرێن و سوودان، پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل هەیە.
پێشتر لە رۆژی سێشەممە 15-9-2020، لە واشنتنی پایتەختی ئەمریکا و بە چاودێریی دۆناڵد ترەمپ، عەبدوڵڵا بن زاید، وەزیری دەرەوەی ئیمارات و بنیامین نەتەنیاهۆی سەرۆک وەزیرانی ئسرائیل، (رێککەوتنی ئاشتی) واژۆ کرد.
هەر لە هەمان رێوڕەسمدا، بنیامین نەتەنیاهۆ و عەبدوللەتیف زەیانی، وەزیری دەرەوەی بەحرێن، “رێککەوتنی راگەیاندنی ئاشتی”یان لەنێوان وڵاتەکانیاندا، واژۆ کرد.
باسنيوز
