لە راپەڕین گەلەگورگ پەلاماری ژنێک و دوو منداڵ دەدات

لە راپەڕین گەلەگورگ پەلاماری ژنێک و دوو منداڵ دەدات
ئێوارەی ئەمڕۆ هەینی گەلەگورگ لە دۆڵی شاورێی سەر بە ئیدارەی راپەڕین پەلاماری دوو منداڵ دەدات و دەیانگرێت، ژنێکیش کە دەیەوێت بچێت بە هانای منداڵەکانەوە بەر هێرشی گورگەکان دەکەوێت و لەلایەن کوڕەکەیەوە رزگاردەکرێن.

تەها محەممەد، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی تەندروستیی راپەڕین راگەیاند، دوو منداڵەکە تەمەنیان 11 ساڵان و 13 ساڵان بووە. رووداوەکەش لەنزیک رێگەی گشتیی دۆڵی شاورێ بووە و گەلەگورگ زەفەری پێبردوون و پەلاماری هەردوو منداڵەکەیان داوە.

بە گوتەی تەها محەممەد، دایک و کوڕێک لەو کاتەدا بەسەر رووداوەکەدا چوونە، دایکەکە ویستوویەتی ئەو دوو منداڵە رزگار بکات، بەڵام گورگەکان پەلاماری ئەویشیان داوە و برینداریان کردووە. کوڕی ئەو ژنە چەکی پێبووە و تەقەی لە گورگەکان کردووە و هەڵاتوون، بەڵام گولـلەیەک بەر جەستەی خۆی کەوتووە و بریندار بووە.

ئەو کوڕەی تەقەی لە گورگەکان کردووە تەمەنی 16 ساڵان بووە، بە گوتەی تەها محەممەد، هەر چوار بریندارەکە گەیێندراونەتە بەشی فریاکەوتنی نەخۆشخانەی رانیە و "باری تەندروستییان جێگیرە".

رووداوەکانی دیکە لە سنووری ئیدارەی راپەڕین:

- کەسێک گولـلەی بەرکەوتووە و گیانی لەدەستداوە، پۆلیس دەڵێت، دانیشتووی شارۆچکەی چوارقوڕنەیە

- بەهۆی رووداوێکی هاتووچۆ لەنێوان دوو ئۆتۆمبێل لە شەقامی سەید ئەمر لە رانیە، کەسێک گیانی لەدەستدا
rudaw-
Top