کۆمەڵەی کەنیسەی ئیشک: خودا فەرمانی پێداوین بە کردنەوەی کەنیسەیەک لە دێرسم

کۆمەڵەی کەنیسەی ئیشک: خودا فەرمانی پێداوین بە کردنەوەی کەنیسەیەک لە دێرسم


ماوەی ساڵێکە لە شاری دێرسمی باکووری کوردستان کە زۆرینەی دانیشتووانی کوردی عەلەوی مەزهەبن، کەنیسەیەک کراوەتەوە. لەو کەنیسەیەدا کە لەلایەن "کۆمەڵەی کەنیسەی ئیشک" کراوەتەوە، هەموو یەکشەممەیەک رێوڕەسمی ئایینی سازدەکرێت، نوێنەری کۆمەڵەکەش دەڵێت "خودا فەرمانی پێداوین بە کردنەوەی".

ئیسماعیل ئایدن، نوێنەری کۆمەڵەی کڵێسای ئیشک دەڵێت "هۆکاری کردنەوەی ئەم کەنیسە لە دێرسم ئەوەیە کە خودا فەرمانی پێداوین، دەڵێ بڕۆن هەموو دنیا وەکو قوتابی من پێبگەیێنن و بە اوی خودا، کوڕ و روحی پیرۆز لە گوناهەکانیان خۆش ببن. لە هەموو شوێنێکی دنیا هەواڵی باش بڵاودەبێتەوە. کاتێک دەڵێم هەموو دنیا، دێرسمیش بەشێکە لەو جوگرافیایە. کردنەوەی ئەم کەنیسەیە هۆکارێكی تایبەتی نییە".

نوێنەری ئەو کۆمەڵەیەی کەنیسەکەی دروستکردووە و بەڕێوەیدەبات دەڵێت، "مسیۆنەر نین، تێگەیشتنێکی چەوت هەیە، وەکو ئەوەی مەسیحیەت لە دەرەوە هێنرابێت مامەڵەی لەگەڵدا دەکرێت، بەڵام کەنیسە مێژووییەکانی ناوچەکە پێچەوانەی ئەوە دەسەلمێنن".

بە گوتەی ئیسماعیل ئایدن "مەسیحیەت لە ناخی خەڵکی ئەم ناوچەیدا هەبووە، تەنیا ئەوانە ئێرەیان جێهێشت کە باوەڕیان هەبوو. کاتی خۆی مەسیحیەت لێرە بەربڵاوبوو، بەڵگەی ئەمەش کەنیسەکانی گوند و ناوچەکانی ئێرەن".

هەرچەندە ژمارەیان بە تەواوەتی بەردەست نییە، بەڵام ژمارەیەک کوردی عەلەوی مەزهەبی دێرسمی بوونەتە کریستیان و ئایینی خۆیان گۆڕیوە.

موراد پارلاک هاونیشتمانییەکی دێرسمە و دەڵێت "لە ساڵی 2009دا کاتێک لە ئیستەنبووڵ بووم دەستم بە لێکۆڵینەوە لە مەسیحیەت کرد. گفتوگۆم لەگەڵ ئەو هاوڕێیانەمدا کرد کە لەوێ ناسیمن، بەڵام سەردانی کەنیسەم نەکرد. کاریگەر بووم بەو بابەتانەی باسیان دەکرد. خۆشم لەڕێگەی ئینتەرنێتەوە لێکۆڵینەوەم کرد و کۆمەڵێک بابەتم خوێندەوە. بە پشتبەستن بەو زانیارییانە مەسیحیەتم هەڵبژارد، چونکە هەستم دەکرد زیاتر لێمەوە نزیکە".

ئەم کۆمەڵەیە لە شارەکانی سەمسوور، روها و دیلۆکی باکووری کوردستان و ئادانای تورکیاش کەنیسەی کردووەتەوە؛ بەدەر لەو کەسانەی کریستیانن، خەڵکی دیکەش سەردانی کەنیسەکان دەکەن.

لە پارێزگای دێرسم چەندین کەنیسەی مێژووییش هەن کە بەشێکیان ساڵانێکە نۆژەن نەکراونەتەوە. ئەرگەن یەکێک لەو کەنیسانەیە کە بە گەورەترین کەنیسەی دێرسم هەژمار دەکرێ و لە 2012 ەوە بڕیاری پاراستنی ئەم شوێنەوارە دراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا هیچ هەنگاوێک بەو ئاراستەیە نەنراوە.
RUDAW -
Top