وەبەرهێنانی هەولێر: گەورەترین ناوچەى پیشەسازى لەسەر ئاستى عێراق لە هەولێر دروست دەکرێت

 وەبەرهێنانی هەولێر: گەورەترین ناوچەى پیشەسازى لەسەر ئاستى عێراق لە هەولێر دروست دەکرێت
بەڕێوەبەرى گشتیى وەبەرهێنانى هەولێر رای گەیاند بەمنزیکانە دەست بە بنیادنانى گەورەترین ناوچەى پیشەسازى لەسەر ئاستى عێراق لە هەولێر دەکرێت، کە چەندین کۆمپانیاى کشتوکاڵى و پیشەسازى لەخۆ دەگرێت.

سامان عەرەب، بەڕێوەبەرى گشتیی وەبەرهێنانى هەولێر راگەیاند: "بڕیارە لە کۆتایى ئەم مانگەدا دەست بە بنیادنانى ناوچەیەکی گەورەی پیشەسازى لە هەولێر بکرێت، کە بە گەورەترین ناوچەى پیشەسازى لەسەر ئاستى عێراق هەژمار دەکرێت و لەسەر ڕووبەرى 4500 دۆنم جێبەجێ دەکرێت، لەسەر رێگەى سەرەکیى هەولێر- گوێڕ لە ناوچەیەکى بەرفراوان و ستراتیژیى گرنگ هەڵکەوتووە".

راشی گەیاند: "ناوچەى پیشەسازیى هەولێر لە ساڵى 2012وە بەردى بناغەى داندراوە، بەڵام بەهۆى قەیرانى داراییەوە نەتواندراوە تەواو بکرێت، لە کابینەى نۆیەمدا بڕیار لەسەر جێبەجێکردنى پڕۆژەکە دراوە، بۆ ئەم مبەستەش تەواوى وەزارەت و بەڕێوەبەرایەتییەکان هاوکار دەبن بۆ ئەوەى پڕۆژەکانى ئاو و ئاوەڕۆ و کارەبا و رێگەوبان و سەزایى بۆ پڕۆژەکە دابین بکرێت".

بەڕێوەبەرى گشتیی وەبەرهێنانى هەولێر ئاماژەى بەوەش کرد: "ناوچەى پیشەسازیى هەولێر کە بە تیمار ناسراوە، چەندین کۆمپانیا و کارگەى گەورە لە بوارەکانى کشتوکاڵ و پیشەسازى و پیشەسازیى گەورو لەخۆ دەگرێت، کە دەبێتە هۆى بووژاندنەوەى کەرتى ئابوورى و سەرچاوەى داهات و بژیوى هەزاران خێزان لە هەولێر و دەوروبەرى".






باسنیوز
Top