لەبارەی مووچەی خانەنشینیی هەندێک فەرمانبەر زانیاری دەخرێتە ڕوو
حازم ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینانی هەرێمی کوردستان ڕاگەیاند: "بەهۆی ئەوەی لیستی مووچە لەگەڵ بەغدا ڕێک خرایەوە، زۆربەی ئەو فەرمانبەرانەی لە مانگی حهوتی ئەمساڵ خانەنشین بوون، جارێ مووچەی مانگی حهوت و ههشتیان دیار نییە، بەڵام ئەوانەی خانەنشینن و کێشەیان نییە، هەندێک فەرمانبەر هەیە ئەمساڵ خانەنشین بوونە و مووچەی مانگی نۆیان بۆ خەرج کراوە، گەنجینەکان پێیان ڕاگەیاندین جیاوازیی مووچەی مانگەکانی دیكه نەکرێ، تەنیا مووچەی نۆ درا".
گوتیشى: "بۆ مووچەی خانەنشنیی ئەوانەی لە مانگی چوار، یان مانگی حهوت خانەنشین بوونە، وەزارەتی دارایی لەو ماوەیە ڕێنوێنی دەردەکات و چارەنووسی مووچەکانییان یەکلایی دەکاتەوە".
حازم ئیسماعیل ئهوهشى خسته ڕوو: "بڕیاری پاشەکەوت، یان لێبڕین بۆ مووچەی ئەو چەند مانگەی خانەنشینان کە نەدراوە دەرنەچووە، وەزارەتی دارایی هەر بڕیارێک دەربکات، بۆ فەرمانبەر و خانەنشین وەکوو یەک دەبێت، ئێمەش لەگەڵ دارایی لەسەر هێڵین بۆ ئەو بابەتە".
بەڕێوەبەری گشتیی خانەنشینانى ههرێمى كوردستان ئاشكراشى كرد: "ئەمساڵ پێنج بۆ شهش هەزار فەرمانبەر خانەنشین بوونە و دۆسیەکانیان لە فەرمانگەی خانەنشینی 70%ی تەواو بووە و ئەوانی دیكهش تەواو دەکرێن، هەندێک لەو خانەنشینانە مووچەی مانگی نۆیان بۆ خەرج کراوە".
ئاماژەی بەوەش دا کێشەی چەند لیستی مووچە و جیاوازیی لیستیان چارەسەر کردووە، گوتیشی: "هەبووە کە خانەنشین دەبوو پێویست بوو چەند مانگێک چاوەڕوان بوایە تاوەکوو مووچەکەی پێدەدرا، ئێستا ئەو کێشه نەماوە، هەروەها بۆ تەمەنەکانی خانەنشینی سێ لیست هەبوون، ئێستا بە یەک لیست مووچەی هەموویان دەدرێ ئەو جیاوازییەش نەماوە".
لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 240 هەزار خانەنشین هەیە، حکوومەتی هەرێمی کوردستان بەپێی یاسای چاکسازی خەریکی وردبینی و چاکسازییە له مووچەی هەموو خانەنشینان.
باسنيوز
