پیاوێک 40 رۆژە نەخۆشە و کەسوکاری دەڵێن، رۆژی وا هەیە 200 هەزار دیناری بۆ خەرجدەکەن

پیاوێک 40 رۆژە نەخۆشە و کەسوکاری دەڵێن، رۆژی وا هەیە 200 هەزار دیناری بۆ خەرجدەکەن
پیاوێک 40 رۆژە نەخۆشە، 10 رۆژ لە هەولێر لە نەخۆشخانەی ئەهلی بووە، بەهۆی ئەوەی لەڕووی داراییەوە نەیتوانی دەرەقەتی تێچووی نەخۆشخانە ئەهلییەکە بێت، کەسوکاری بۆ نەخۆشخانەیەکی حکومییان گواستەوە، لەوێش وەکو خۆیان دەڵێن، هەر بە رێگەی ئەوە بوون لە دەرەوە دەرمان بۆ نەخۆشەکەیان بکڕن.

نەخۆشەکە ماسولکەکانی وردە وردە بەرەو لەکارکەوتن دەڕۆن، بۆ چارەسەر پێویستی بە بەردەوامبوونی چاودێریی پزیشکی و دەرمانە.

خەسرەو وسوو، کەسوکارى نەخۆشەکە دەڵێت "بەشێک لە ئەشیعە و پشکنینەکانیان بۆ نووسی لە دەرەوە کردمان، عیلاجەکانیش زۆربەى نەبوون و چووین لە نەخۆشخانەى پار کڕیمان، رۆژى وا هەیە 200 هەزار دینارمان لەسەر دەکەوێت".

ئێستا ڤایرۆسی کۆرۆنا دۆخێکى دروستکردووە، کەم کەس ئاگاى لە حاڵى نەخۆشخانەکانى دیکەى بەدەر لە کۆرۆنا ماوە، بەشێک لە نەخۆشەکان باس لەوە دەکەن، کەرتى تەندروستى لە هەموو کوردستان، زۆر کەم دەرمان و دەستکورتە.

یاد نەقشبەندى، گوتەبێژى تەندروستیى سلێمانى دەڵێت "دۆخى نەخۆشخانەکانمان ئەوەندە جەنجاڵە، ئەگەر هەموویان تەرخانبکەین بۆ کۆرۆنا، هێشتا دەرەقەت نایەین، بۆیە بەداخەوە دەڵێم، خەڵکمان هەبووە لە ماڵەوە مردووە. ئێستا وایلێهاتووە خەریکە بەهۆى کۆرۆناوە نەخۆشخانەکان قەپات دەبن".

بۆ پارێزگایەکى ساواى وەکو هەڵەبجە، کە حاڵى تەندروستى و نەخۆشخانەکان دەبینى، ئەوکات تێدەگەیت بۆچى خەڵک بە لێشاو روو لە نەخۆشخانە و پزیشک و پشکنین لە کەرتى تایبەت دەکەن.

ئاراس حەمەسەعید، بەڕێوەبەرى نەخۆشخانەى وەفا تایبەت بە کۆرۆنا دەڵێت "بەشێک لە پزیشک و کارمەندەکانمان گرێبەست و خۆبەخشن، دوو پزیشکى پایە بڵند و سێى تایبەتمەندمان هەن، کە تایبەتن بە کۆرۆنا".

لاوازیی ئاستى پێشکێشکردنى خزمەتگوزاریى پزیشکى، کەمیى جێگە و رێگە و کارمەند و پزیشک، کرۆکى ئەو گلەییانەن کە لەو کەرتە دەکرێت، کەرتێک کە خۆبەخش و گرێبەست زۆرجار فریاى دەکەون. کە لە وەزارەتى تەندروستیش دەپرسیت، دەڵێن، بەداخەوە بەشێک لە خەڵک ئەو هەموو ماندووبوون و دەرمانە خۆڕایی و دڵسۆزییەى کەرتەکەیان نادیدە دەگرن.
rudaw -
Top