قایمقامی کۆیە: کارکردن لە پرۆژەی دووسایدکردنی کۆیە - هەولێر وەستاوە

قایمقامی کۆیە: کارکردن لە پرۆژەی دووسایدکردنی کۆیە - هەولێر وەستاوە
پرۆژەی دووسایدکردنی رێگەی کۆیە - هەولێر و تونێلی هەیبەتسوڵتان 10 ساڵ لەمەوبەر تێیدا دەست بە کارکردن کرا، بەڵام قایمقامی قەزای کۆیە دەڵێت "ئێستا کارکردن لە پرۆژەکە وەستاوە".

یوسف حەسەن، قایمقامی كۆیە راگەیاند "پرۆژەی دووسایدکردنی رێگەی کۆیە - هەولێر و تونێلەکەی هەیبەتسوڵتان لە ساڵی 2010 دەرچووە. پرۆژەکە بە گوژمەی چوار ملیار دینار و بە پێنج قۆناخ لە ساڵی 2010 دەست بە جێبەجێکردنی کرا، بەڵام تاوەکو ئێستا هەر پێنج قۆناخەکەی وەستاون و هیچ کاری تێدا ناکرێت".

قایمقامی کۆیە ئەوەشی گوت "پێشتر لە پێنج قۆناخەکە هەندێک کار کراوە. قۆناخ هەیە 40% و 50%ی کاری لێ کراوە و قۆناخیش هەیە 10%ی کاری لێ کراوە، بەڵام تاوەکو ئێستا کارکردن تێیاندا دەستی پێنەکردووەتەوە. پێش کەرەنتینە زۆر هەوڵماندا و لە دوو قۆناخدا دەستمان بە کار کردەوە، بەڵام ئێستا هیچ لە قۆناخەکان کاریان تێدا ناکرێت".

بە گوتەی یوسف حەسەن "کۆمپانیا هەیە پارەی لای حکومەت ماوە و کارکردن بە ئامێرەکانیان راگرتووە؛ هەربۆیە کارکردن وەستاوە".

قایمقامی کۆیە باسی لەوەش کرد "بۆ دەستپێکردنەوەی کارکردن هەوڵمانداوە و گلەییشمان لە حکومەت کردووە کە بۆچی جیاواز لە هەموو شوێنەکانی دیکە، کارکردن لەم پرۆژەیەی کۆیە وەستاوە؟ لە زۆربەی شار و شارۆچکەکانی دیکە هەردوو سایدەکان کاریان تێدا دەکرێت، بەڵام بۆچی رێگەی کۆیە کاری تێدا ناکرێت؟ ئەو گلەییەمان گەیاندووەتە وەزیری ئاوەدانکردنەوە و حکومەت. گلەیی خۆمان بە پارێزگار و وەزیریش گەیاندووە".

دوو رۆژ پێش ئێستا وەزیری ئاوەدانکردنەوە سەردانی کۆیەی کرد و پرۆژەکانی بەسەرکردەوە، قایمقامی کۆیە گوتی "وەزیری ئاوەدانکردنەوە گوتی، هەوڵدەدەین لە جووتسایدی کۆیە دەست بە کار بکرێتەوە".

سەبارەت بە وەستانی جووتسایدکردنی رێگەی کۆیە – هەولێر، دانا عەبدولکەریم حەمەساڵح، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان راگەیاند "دەبێت حکومەت بودجەی بۆ دابینبکات. قەیرانی دارایی وایکردووە پرۆژەکە تەواونەکرێت، چونکە پرۆژەی لەو جۆرە پارەی زۆری پێویستە. سەرۆکی حکومەت دەزانێت کەی کارکردن تێیدا دەستپێدەکاتەوە".
rudaw -
Top