پێشبینیدەکرێت ئەمساڵ بەرهەمی برنجی خۆماڵی زیاتر لە 22 هەزار تۆن بێت

پێشبینیدەکرێت ئەمساڵ بەرهەمی برنجی خۆماڵی زیاتر لە 22 هەزار تۆن بێت

سەردار جەمیل، جووتیارێكی پارێزگای دهۆكە، ماوەی 20 ساڵە لە گوندی زێراڤی سنووری ناحیەی گردەسێنی قەزای ئاكرێ برنج دەچێنێت، ئەمساڵ 40 دۆنم برنجی چاندووە، بەڵام ترسی هەیە بەهۆی برنجی بازرگانییەوە، برنجەکەی ئەوان پارە نەکات.

سەردار جەمیل، کە زیاتر برنجی شەش مانگی و سەدری دەچێنێت دەڵێت ئەگەر برنجەکە باش خزمەت بكرێت لەهەر دۆنمێك 750 تاوەكو 900 كیلۆ برنج دەدات، نرخی هەر كیلۆیەكیشی نزیکەی 4 هەزار دینار دەکات.

بێکاری و پاشەکەوت و دواکەوتنی مووچە لە لایەک و خواست لەسەر برنجی خۆماڵی لە لایەکی دیکەوە، وایکردووە لە سێ ساڵی رابردوودا، جووتیارێکی زۆر روو لە چاندنی برنج بکەن. بەو هۆیەوە ساڵی رابردوو بەرهەمی برنجی خۆماڵی ژمارەیەكی پێوانەیی تۆماركرد، بەراورد بە چوار ساڵی رابردوو بە رێژەی 71% زیادیكردووە،. پێشبینیش دەكرێت بەرهەمی ئەمساڵ بە رێژەی 16%ی دیكە زیاد بكات.

لە شەش هەزار تۆنەوە بۆ 22 هەزار تۆن

بەپێی ئاماری وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو، كە پشتی بە داتای كشتوكاڵی پارێزگاكان بەستووە، ساڵی رابردوو 42 هەزار و 492 دۆنم زەویی بە برنج چێندراوە، لە کاتێکدا ئەو رووبەرە چوار ساڵ لەمەوبەر شەش هەزار و 296 دۆنم بوو.

بەرهەمی ساڵی رابردووی برنج 18 هەزار و 902 تۆن بووە، لە کاتێکدا چوار ساڵ لەمەوبەر بەرهەمی برنجی خۆماڵی تەنیا پێنج هەزار و 458 تۆن بووە. پێشبینی دەكرێت بەرهەمی ئەمساڵی برنجی خۆماڵی بگاتە 22 هەزار و 538 تۆن.

بەپێی داتاكانی وەزارەتی كشتوكاڵ رووبەری چاندن و بڕی بەرهەمی برنج لە پێنج ساڵی رابردوودا بەو شێوەیە بووە:

- ساڵی 2015 رووبەری چێندراوی برنج شەش هەزار و 296 دۆنم بووە، بەرهەم پێنج هەزار و 458 تۆن بووە.

- ساڵی 2016 رووبەری چێندراوی برنج شەش هەزار و 309 دۆنم بووە، بەرهەمەکەی چوار هەزار و 934 تۆن بووە.

- ساڵی 2017 رووبەری چێندراوی برنج 13 هەزار و 723 دۆنم بووە، بەرهەمەکەی 10 هەزار و 874 تۆن بووە.

- ساڵی 2018 رووبەری چێندراوی برنج 16 هەزار و 171 دۆنم بووە، بەرهەمەکەی 13 هەزار و 485 تۆن بووە.

- ساڵی 2019 رووبەری چێندراوی برنج 24 هەزار و 492 دۆنم بووە و بەرهەمەکەی 18 هەزار و 902 تۆن بووە.

دهۆک لە چاندنی برنجدا پێشەنگە

لە رووی رووبەری چاندن و بڕی بەرهەم پارێزگای دهۆك لەسەر ئاستی هەرێمی كوردستان لە پلەی یەكەمدایە. ساڵی رابردوو جووتیارانی ئەم پارێزگایە 19 هەزار و 764 دۆنم برنجیان چاندووە و 15 هەزار و 811 تۆن بەرهەمیان هەبووە. بەڵام لە ساڵی 2016دا ئەو رووبەرە نزیکەی چوار هەزار دۆنم بووە، بەرهەمەشی 3 هەزار و 134 تۆن بووە.

خدر دێوالی عەبدوڵڵا، بەڕێوەبەری پلان و بەدواداچوون لە بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كشتوكاڵی دهۆك دەڵێت: "بەهۆی قەیرانی دارایی و بێكاری، هەروەها ئەو خواستە زۆرەی لەسەر برنجی كوردی هەیە، بەهۆی پاڵپشتییەکانی ئێمەش بۆ جووتیاران، لە سێ ساڵی رابردوودا جووتیارێكی زۆر روویان لەچاندنی برنج كردووە".

بەپێی ئامارێك كە لە بەڕێوەبەرایەتی گشتیی كشتوكاڵی پارێزگای دهۆك ئەمساڵ زیاتر لە 23 هەزار و 700 دۆنم زەوی بە برنج چێندراوە. خدر دێوالی دەڵێت: "پێشبینی دەكەین بەرهەمی ئەمساڵی برنج لە پارێزگای دهۆک بگاتە 19 هەزار و365 تۆن".

سەرجەم ئەو برنجانەی لە هەرێمی كوردستان دەچێندرێت، لە جۆری برنجی خری دەنك كورتە، بەڵام بەگوێرەی ناوچەكان ناوی جیاوازی لێنراوە، مەولەوی، بازیان، نەگازە لە سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە دەچێندرێت. بەرازیلی، تەحالوف، شەش مانگ، سێ مانگ و سەدری لە پارێزگای دهۆك و هەولێر دەچێندرێن.

هەڵگرتنەوەی برنج لە کێڵگەیەکی ئاکرێهەڵگرتنەوەی برنج لە کێڵگەیەکی ئاکرێ

برنج بەهایەكی خۆراكی بەرزی هەیە، بۆیە لە زۆربەی وڵاتان وەك خۆراكێكی بنەڕەتی سەیردەكرێت، بەم هۆیەشەوە لەسەر ئاستی جیهاندا لە رووی چاندنەوە لەدوای گەنم پلەی دووەمی وەرگرتووە.

چاندنی برنج پێویستی بە ئاوی زۆر و پلەی گەرمی تایبەت هەیە، بۆیە زیاتر لەناوچە گەرم و نیمچە گەرمەكانی نێوان هێڵی پانی 45 باكوور و 40ی باشووری گۆی زەوی دەچێندرێت. لە رووی چاندن و بەرهەمیشەوە وڵاتانی چین، یابان، هیندستان، پاكستان، ئیندۆنیزیا و تایلەند لە پێشەوەی وڵاتانی بەرهەمهێنی برنجن لەجیهاندا.

90%ی برنجی عێراق و هەرێمی کوردستان هاوردەیە

كەشوهەوا و خاكی هەرێمی كوردستان و عێراق بۆ چاندنی برنج گونجاوە، بەڵام ئەم بەرهەمە ستراتیژییە وەك پێویست گرنگی پێنەدراوە، بۆیە نزیكەی 90%ی ئەو برنجەی لە عێراق و هەرێمی كوردستان دەخورێت، هاوردەیە.

بەپێی ئاماری بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی پلان و بەدواداچوون لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی كوردستان، كە پشتی بە داتای وڵاتانی هەناردەكار بەستووە، ساڵانە نزیكەی یەك ملیۆن تۆن برنج هاوردەی عێراق و هەرێمی كوردستان دەكرێت. هاوردەكەش بە دوو شێوازە، بەشێكی حكومەتی عێراق بۆ پسوولەی خۆراك هاوردەی دەكات كە بە برنجی بایەعی ناسراوە، بەشێكی دیكەشی بازرگانان هاوردەی دەكەن بە برنجی بازرگانی دەناسرێت.

بەپێی داتاكان لە ساڵی 2015دا 876 هەزار و 400 تۆن برنج بە بەهای 615 ملیۆن دۆلار هاوردەی عێراق کراوە، کە 390 هەزار و 100 تۆنی لە رێگەی دەروازەكانی كوردستان هاوردە كراوە و 97 هەزار تۆنی لە كوردستان فرۆشراوە، بەشەكەی دیكە لە عێراق. بەرهەمی ناوخۆ لەو ساڵەدا نزیكەی 112هەزار و 600 تۆن بووە، كۆی برنجی بەكاربراو لە عێراق لەو ساڵەدا 989 هەزار تۆن بووە.

لە ساڵی 2016دا 996 هەزار و 660 تۆن برنج بە بەهای 541 ملیۆن دۆلار هاوردەكراوە، کە 587 هەزار و 700 تۆن لە رێگەی دەروازەکانی هەرێمی كوردستان هاوردە كراوە، 111 هەزار و 777 تۆن لە كوردستان فرۆشراوە و بەشەكەی دیكەشی لە عێراق. بەرهەمی ناوخۆ لەو ساڵەدا نزیكەی 186 هەزار تۆن بووە، كۆی برنجی بەكاربراو لەعێراق و هەرێمی كوردستان یەک ملیۆن و 182 هەزار و 660 تۆن بووە.

لە ساڵی 2017دا یەک ملیۆن و 16 هەزار تۆن برنجی بایەعی و بازرگانی بە بەهای 690 ملیۆن دۆلار هاوردەكراوە، کە 279 هەزار و 500 تۆنی لە رێگەی كوردستان هاوردە كراوە، 97 هەزار و 400 تۆن لەكوردستان فرۆشراوە و بەشەكەی دیكەشی لەعێراق، بەرهەمی ناوخۆ نزیكەی 269 هەزار تۆن بووە، كۆی برنجی بەكاربراو لە عێراق و هەرێمی كوردستان یەک ملیۆن و 285 هەزار تۆن بووە.

نەوزاد ئەدهەم، بەرێوەبەری پێشووی گشتیی بازرگانی لە وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، دەڵێت: "پێشتر بەهۆی جیاوازی رەسمی گومرگی و ئاسانكاری و ئارامی كوردستان زۆربەی برنج لە رێگەی دەروازەكانی كوردستان هاوردە دەكرا، بەڵام دوای یەكخستنەوەی پێناسی گومرگی، جموجۆڵی بازرگانیی هاوردەكردنی برنج لە رێگەی دەروازە سنوورییەكانی كوردستان بۆ شارەكانی عێراق كەمیكردووە".

بەهۆی کۆرۆناوە فرۆشی برنج کەمیکردووە

لە هەرێمی كوردستان نزیكەی 100 كۆمپانیا برنج هاوردە دەكەن، هەر كۆمپانیایەك بە چەند ناوێك برنج دەفرۆشێت، بۆیە بە نزیكەی 120 ناوی جیاواز برنج لە بازاڕەكانی عێراق و هەرێمی كوردستان هەن، بەڵام 40 ماركە لە بازاڕدا هەن.
حاجی بەهائەددین جەمال، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای بەمۆ، كە بریكاری عێراق و هەرێمی كوردستانە بۆ برنجی مەحمود، دەڵێت: "بەهۆی یەكخستنی پێناسی گومرگی و زیادكردنی رەسمی گومرگی، هاوردەکردنی برنج لە دەروازەكانی كوردستان كەمبووەتەوە، ئێستا بازرگانانی هەرێمی كوردستان نزیكەی 40%ی برنجی بازرگانی بۆ عێراق دابین دەكەن".

سەبارەت بە فرۆشی برنج بە تایبەتی دوای بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، حاجی بەهائەددین دەڵێت: "بەهۆی قەیرانی دارایی، دواكەوتنی مووچە و داخستنی چێشتخانە و شوێنە گەشتیارییەكان بەهۆی كۆرۆناوە، ئەمساڵ بەراورد بەساڵی رابردوو فرۆشی برنج لە كوردستان بە رێژەی نزیكەی 20% كەمیكردووە".

ئۆليڤيێ ديکوتينيێ، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر لەگەڵ جووتیارانی دەڤەری سورچیاتی لە نێو کێڵگەیەکی برنجدائۆليڤيێ ديکوتينيێ، کۆنسوڵی گشتیی فەرەنسا لە هەولێر لەگەڵ جووتیارانی دەڤەری سورچیاتی لە نێو کێڵگەیەکی برنجدا

پێشتر زۆربەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان برنجی بەسمەتی 1121 هیندیان دەخوارد، بەڵام فرۆشی برنجی 1509، شەربەتی، شۆكەندە، زەهەبی كە نرخیان هەرزانترە، فرۆشیان زیادی کردووە.

ئاراس عوسمان، بەڕێوەبەری گشتیی كۆمپانیای پرۆسپەر، ساڵانە 3 تاوەكو 4 هەزار برنج هاوردە دەكات، دەڵێت: "چین هەمیشە وا مامەڵە دەكات كە جیهان لە تەنگژەی خۆراكدایە، بۆیە بەردەوام برنج و خۆراكەكانی دیكە كۆگا دەكات، ساڵی وا هەیە هەرچی لە كۆگاكانی هەیە دەیفرۆشێت".

ئاراس عوسمان برنجی دەنک خڕ بە نموونە دێنێتەوە دەڵێت: "ئەمساڵ بەهۆی چینەوە بازاڕی برنجی دەنک خڕ وێران بووە، تۆنێكی بە 450 دۆلار دەگاتە مێرسین، برنجەكە لەوانەیە 20 جار پۆڵیش كرابێتەوە و بەسەر عێراق و میسر ساغ دەكرێتەوە لە بازارەكانی كوردستان کیسەی 5 كیلۆیی ئەو برنجە بە سێ هەزار و 500 دینارە".

ساڵانە لە هەرێمی کوردستان زیاتر لە 220 هەزار تۆن برنج دەخورێت

وەزارەتی كشتوكاڵ پێویستی ساڵانەی تاكی هەرێمی كورستانی بە 36 كیلۆ برنج دیاریكردووە، بەپێی داتاكانی دەستەی ئاماری هەرێمی كوردستان ساڵی رابردوو ژمارەی دانیشتووانی هەرێمی كوردستان گەیشتە شەش ملیۆن و 33 هەزار و 814 کەس، بەو پێوەرە بێت، كوردستان پێویستی بە زیاتر لە 217 هەزار تۆن برنج هەیە لە ساڵێکدا و كۆتایی ئەمساڵ ئەم پێویستییە دەگاتە 222 هەزار تۆن.

بەپێی ئاماری وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازی، ساڵی رابردوو 103 هەزار و 540 تۆن برنجی بایەعی لە رێگەی بریکارەکانی خۆراکەوە دابەشکراوە، بەپێی بەدواداچوونی وەزارەتی بازرگانی نزیكەی 40%ی هاووڵاتیانی كوردستان برنجی بایەعی دەخۆن، كەواتە ساڵی رابردوو 41 هەزار و 416 برنجی بایەعی خوراوە، بەرهەمی ناوخۆش 18 هەزار و 902 تۆن بووە، كەواتە ساڵی رابردوو 156 هەزار و 899 تۆن برنجی بازرگانی خوراوە.

حاجی بەهائەددین دەڵێت: "بەپێی بەدواداچوون بۆمان دەركەوتوووە ساڵانە تاكی هەرێمی كوردستان سەرووی 40 كیلۆ برنج دەخوات، بۆیە ساڵانە هەرێمی كوردستان پێویستی بە نزیکەی 245 تۆن برنج هەیە".
rudaw -
Top