قایمقامی شنگال: 7000 کەس داواکاریی دامەزراندنیان بۆ هێزی ئەمنی پێشكێش کردووە

قایمقامی شنگال: 7000 کەس داواکاریی دامەزراندنیان بۆ هێزی ئەمنی پێشكێش کردووە
خاڵی دووەمی رێککەوتنی تایبەت بە ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال دەچێتە واری جێبەجێکردنەوە و قایمقامی شارەکەش دەڵێت "زیاتر لە 7000 کەس داواکاریی دامەزراندنیان پێشکێش کردووە".

مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال راگەیاند "خاڵێکی رێککەوتنەکە بریتییە لە پێکهێنانی هێزێکی 2500 کەسی بۆ شنگال؛ ئەو هێزە لە 1500 کەسی دانیشتووی کامپەکان و 1000 کەسی گەڕاوەی شنگال پێکدێت. بۆ ئەو مەبەستە نزیکەی 7000 کەس داواکارییان پێشکێش کردووە و دەستمان بە راییکردنی مامەڵەکان کردووە".

بە گوتەی قایمقامی شنگال، هاونیشتمانیانی شارەکە لەڕێگەی پشتیوانیی موختارەوە داواکاری پێشکێشی یەکەی ئیداریی ناوچەکە دەکەن و ئەوانیش واژۆی یاسایی سیستەمی ئیدارییان لە فایلەکانیان داوە و لیژنەیەکی تایبەتیش پێداچوونەوە بە فایلەکان دەکات، دەشڵێت "بڕیاری کۆتایی لای حکومەتی ئیتحادییە. هیوادارین هەموو خاڵ و بڕگەکانی رێککەوتنەکە بکەونە واری جێبەجێکردنەوە".

مەحما خەلیل ئاماژەی بەوەش کردووە "دامەزراندنەکە بەپێی رێنمایی وەزارەتی ناوخۆی عێراق دەبێت و رێنماییەکان تایبەتمەندی و مەرجەکانی دامەزراندنی هێزەکە دیاریدەکەن".

دەستکردن بە جێبەجێکردنی خاڵی دووەمی رێککەوتنی هەولێر - بەغدا لەبارەی شنگال دوای ئەوە دێت کە 15-10-2020 قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی 17ـی پارتی دیموکراتی کورستان لەبارەی خاڵی یەکەمی رێککەوتنەکە، واتە تەوەری کارگێڕی، راگەیاند "رۆژی چوارشەممە 14-10-2020 بە ئامادەبوونی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان، بەرپرسی لقەکانی پارتی لە موسڵ و "قایمقامی ئێستای شنگال" کۆبوونەوەیەکیان لەسەر چۆنێتیی جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال لەنێوان حکومەتی هەرێمی کوردستان و عێراق ئەنجامداوە و "رێککەوتین خدر رەشۆ، بەڕێوەبەری پێشووتری شارۆچکەی سنوونێ ببێتە قایمقامی شنگال".

خدر رەشۆ کوردی ئێزدییە و خەڵکی گوندی حەردانی سەر بە شارۆچکەی سنوونێیە، زیاتر لە حەوت ساڵە لە دەرەوەی وڵات دەژی.
rudaw -
Top