حەلبوسی پرسی سوتاندنی بارەگا حزبییەکان لەگەڵ شاندێکی پارتیدا تاوتوێ دەکات

 حەلبوسی پرسی سوتاندنی بارەگا حزبییەکان لەگەڵ شاندێکی پارتیدا تاوتوێ دەکات
سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران و شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان لە بەغدا کۆبونەوە و دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنیەكانی وڵات لە قۆناغی ئێستادا و پتەوكردنی هاریكاری و تەواوكردنی یاسا گرنگەكان لە قۆناغی داهاتودا، هەروەها رەتکردنەوەی سوتاندنی بارەگا حزبییەکانیان تاوتوێکردوە.

نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران بڵاویکردەوە، محەمەد حەلبوسی سەرۆكی ئەنجومەنی نوێنەران، ئەمرۆ سێشەممە لە بەغدا پێشوازی كردوە لە شاندێكی پارتی دیموكراتی كوردستان بە سەرۆكایەتی جەعفەر ئیمنیکی، لەدیدارێکدا تاوتوێی دوا پێشهاتە سیاسی و ئەمنیەكانی وڵات كراوە لە قۆناغی ئێستادا و پتەوكردنی هاریكاری و تەواوكردنی یاسا گرنگەكان لە قۆناغی داهاتوودا.

رێگە بەگەڕانەوەی دیاردەی توندوتیژی و كاری سوتاندن نەدات بەوپێیەی كاریگەی دەبێت لەسەر ئاشتی كومەڵایەتی

ئەوەش هاتوە، هەر لەدیدارەكەدا جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی كە سوتاندنی بارەگای حزبی و "دەستدرێژی" بۆ سەر موڵكی گشتی و تایبەت ئیدانە دەكرێت و پێویستە لەسەر حكومەت پارێزگاری لە دامەزراوەكان بكات و ئاسایش و سەقامگیری بسەپێنێت و رێگە بەگەڕانەوەی دیاردەی توندوتیژی و كاری سوتاندن نەدات بەوپێیەی كاریگەی دەبێت لەسەر ئاشتی كومەڵایەتی و هاوبەشی لە دەوڵەتدا.

لە راگەیەنراوەکەدا ئەوەش هاتوە، ئیدانەی ئەو تاوانە دڕندانەیە كراوە كە دەرحەق بە هاوڵاتیانی مەدەنی بێتاوان لە پارێزگای سەڵاحەدین ئەنجامدرا لەگەڵ گرتنەبەری رێوشوێنی پێویست بۆ لێپرسینەوە لەو یەكانەی ئاسایشی ناوچەكەیان لەئەستۆدایە و ڕەوانەكردنی تاوانباران بۆ دادگا و سەپاندنی شكۆی دەوڵەت و سەروەری یاسا.
















خەندان
Top