شاندێکی پارتی لەگەڵ مالیکی و حەلبووسی کۆبوونەوە
د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی دیموکراتی کوردستان لە پەرلەمانی عێراق و ئەندامی شاندەکە راگەیاند، رۆژی سێشەممە 2020/10/20 لە کۆبوونەوەکەدا نووری مالیکی دڵگرانیی خۆی لە سووتاندنی بارەگای پارتی دیموکراتی کوردستان لە بەغدا دەربڕی.
بە گوتەی د. ڤیان سەبری، هاوکات نووری مالیکی جەختی لە پەیوەندیی بەهێزی نێوان حیزبی دەعوە و هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کردەوەتەوە.
سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی ئاماژەی بەوە کرد، لە کۆبوونەوەکەدا ئەوە دووپات کرایەوە کە هەوڵەکان بۆ جێبەجێکردنی داواکاریی گەل و پاراستنی ئاشتیی کۆمەڵایەتی و بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پێشوەخت جێبەجێ بکرێن.
هەر لەو بارەوە نووسینگەی نووری مالیکی لە راگەیێندراوێکدا بڵاوی کردەوە، نووری مالیکی سەرۆکی هاوپەیمانیی دەوڵەتی یاسا پێشوازیی لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان کرد بە سەرۆکایەتیی جەعفەر ئیمینکی کرد و دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی و ئەمنیی عێراقیان تاوتوێ کرد.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا بێڕێزیکردن بە حەشدی شەعبی و قوربانیدانەکانی رەتکرایەوە و جەختیش لەوە کرایەوە، سووتاندنی بارەگای حیزبی و نوێنەرایەتیی سیاسی لە هەر شوێنێک رووبدات کارێکی سەرکۆنەکراوە.
هەردوو لا داوایان لە حکومەت کرد، پێویستە ئاسایش و سەقامگیری بسەپێنێت و پارێزگاری لە موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی بکات.
هەروەها هەر لە کۆبوونەوەکەدا هەردوو لا خوازیاربوون بۆ تێپەڕاندنی بەربەستەکان و کارکردن بۆ هەڵبژاردن و پێکهێنانی حکومەتێکی هەڵبژێردراو کە توانای جێبەجێکردنی داواکاریی جەماوەریی هەبێت هەوڵەکان یەکبخرێن.
شاندەکەی پارتی جگە لە د. جەعفەر ئیمینکی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، پێکهاتبوون لە د. عەرەفات کەرەم، بەرپرسی دۆسیەی عێراق لە بارەگای سەرۆک بارزانی، د. ڤیان سەبری، سەرۆکی فراکسیۆنی پارتی لە پەرلەمانی عێراق، شوان محەممەد تەها، بەرپرسی لقی 5ـی پارتی لە بەغدا و فارس عیسا.
هاوکات نووسینگەی محەممەد حەلبووسی، سەرۆکی پەرلەمانی عێراق لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، رۆژی سێشەممە محەممەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمانی عێراق پێشوازیی کرد لە شاندێکی پارتی دیموکراتی کوردستان بە سەرۆکایەتیی جەعفەری ئیبراهیم کە تێیدا بە مەبەستی تەواوکردنی یاسا گرنگەکانی قۆناخی داهاتوو دوایین پێشهاتەکانی دۆخی سیاسی، ئاسایشی وڵات و بەهێزکردنی هاوکارییەکان تاوتوێ کران.
وەک لە راگەیێندراوەکەدا هاتووە، لە کۆبوونەوەکەدا جەخت لەوە کرایەوە کە سووتاندنی بارەگا حزبییەکان، پەلاماردانی موڵک و ماڵی گشتی و تایبەتی، کردەوەیەکی سەرکۆنەکراوە و پێویستە حکومەت رۆڵی خۆی لە پاراستنی دامودەزگاکان و سەپاندنی ئاسایش و سەقامگیریدا ببینێت و رێگە بە گەڕانەوە دیاردەی تووندوتیژی و کردەوەی سووتاندن نەدات، بەو پێیەی ئاماژەیەکی نەرێنییە و کاریگەری دەکاتە سەر ئاشتیی کۆمەڵایەتی و پێکەوەژیان و هاوبەشی لە دەوڵەتدا.
