لە کەرکووک گۆڕێکی بە کۆمەڵ دۆزرایەوە

لە کەرکووک گۆڕێکی بە کۆمەڵ دۆزرایەوە
گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایدەگەیەنێت، لە پارێزگای کەرکووک گۆڕێکی بە کۆمەڵ دۆزرایەوە.

لە راگەیەندراوێکدا لیوا یەحیا رەسووڵ، گوتەبێژی مستەفا کازمی، فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق رایگەیاند، هێزەکانی پۆلیسی فیدراڵی لەکاتی ئۆپەراسیۆنێکی گەڕان و پشکینی گوند و ناوچەکانی پارێزگای کەرکووکدا لە یەکێک لە گوندەکان گۆڕێکی بە کۆمەڵیان دۆزیوەتەوە.

گوتەبێژی فەرماندەی گشتیی هێزە چەکدارەکانی عێراق ئاماژەی بەوە دا، گۆڕەکە زیاتر لە 50 رووفاتی تێدایە.

بە گوتەی یەحیا رەسووڵ، ئەو کەسانە لەلایەن چەکدارانی رێکخراوی داعشەوە لەکاتی کۆنترۆڵکردنی ئەو ناوچەیەدا لە سێدارە دراون و لەوێ بە کۆمەڵ نێژراون.

لای خۆیەوە پۆلیسی فیدراڵی لە راگەیێندراوێکدا بڵاویکردەوە، دۆزینەوەی ئەو گۆڕە بە کۆمەڵە بە هاوئاهەنگی بووە لەگەڵ سەرچاوەکانی هەواڵگری، لایەنە پەیوەندیدارەکانیش لە دەزگای شەهیدان و دادپزیشکی و بنکەکانی پۆلیس بە مەبەستی دەرهێنانی ئەو روفاتانە ئاگادار کراونەتەوە.

RUDAW -
Top