گەنجێک کۆسەرەی لە دەست بەردەبێتەوە و سک و هەناوی بڕیوە

گەنجێک کۆسەرەی لە دەست بەردەبێتەوە و سک و هەناوی بڕیوە
گەنجێک کە تازە کاری دەست کەوتووە، لەکاتی کرێکاریدا کۆسەرە لە دەستی بەردەبێت و، شادەماری دەست و سک و هەناوی هەلاهەلا دەکات.

ئەندام تەمەنی 26 ساڵە. دایکی جگە لە گریان دەسەڵاتێکی دیکەی نییە. لەگەڵ تێپەربونی ساتەکانی ئەندام دایک و باوکی لەگەڵ ئازاری کوڕەکەیان دەتوێنەوە. لە کاتی کرێکاریدا ئامێری کۆسەرە لە دەستی بەربووە و دەماری دەستێکی بڕیوە و دواتر بەر سک و هەناوی کەوتووە.

نافیعە ئەنوەر، دایکی ئەندامە و دەڵێت، "نۆ ڕۆژە دەمرم و دەژیمەوە. کوڕم تازە پێڕادەگات. بەیانیەکەی رۆیشت بۆ ئیش، دەوری سەعات 11:00 باوکی تەلەفۆنی کرد گوتی: 'ئەندام لەسەر ئیش کۆسەرە بەر هەناوی کەوتووە.' ئێمەش کە چووینە ئیمێرجینسی، ئەندام لە نەشتەرگەری بوو. حەوت سەعات لەژێر نەشتەرگەریدا مایەوە و بە تەمای دانەوەی نەبووین."

ئیبراهیم محەمەد، باوکی ئەندامە و دەڵێت، "کوڕەکەم رۆژی دووشەممەی رابردوو بۆ کار و کاسبی رۆیشت. خەریکی ئیشی پیڤیسی و ئەلەمنیۆمە. کۆسەرەی لە خۆی داوە ... لە سک و هەناوی داوە. هەرچی ریخۆڵە و شادەمارە بڕیویەتی و تووشی خوێنبەربوون بووە. دۆخەکەی زۆر مەترسیدارە. ئێستا لە چاودێریی چڕدایە. رەوشی زۆر زۆر ناڕێکە، توانای منیش لە نەخۆشخانە تایبەتەکان نییە؛ ئێستا توانای من دیاریکراوە و ناتوانم بەپێی پێویست چارەسەری بۆ بکەم. باسکردنی ئەو کاتەی [کە وای لێهات] زۆر قورسە. من مامۆستام لە قوتابخانە. تەلەفۆنیان بۆ کردم، یەک لە کارمەندەکانی نەخۆشخانەی ئیمێرجینسی گوتی: 'کوڕەکەت کۆسەرەی لە خۆی داوە ... لە دەستی داوە.' بە نیەتی ئەوە چووم کۆسەرەی لە دەستی دابێت. بەس کە چووم چم بینی ..."

ئەندام زیاتر لە هەفتەیەکە تووشی ئەو رووداوە بووە. لە نەخۆشخانەی ئیمێرجینسی نەشتەرگەرییەکی بۆ کراوە. هێنراوەتە نەخۆشخانەی تایبەت و لەژێر چاودێریی چڕدایە.

د. حوسێن ئیبراهیم، پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەرییە و دەڵێت، "نەشتەرگەرییەکی گەورەمان بۆ کرد. هەموو ریخۆڵەکانی بڕیبوو. کۆسەرەکە دەماری خوێنی سەرەکیی ریخۆڵەکانی بڕیبوو؛ هەردووکی خوێنهێنەر و خوێنبەرەکە. ئەوانەی هەموو بۆ چاکراوەتەوە. بەشێک لە ریخۆڵەی، ئەوەی بە تەواوی خوێنی لەسەر بڕابوو، بڕاوەتەوە، بەڵام ئەوەی دیکە خوێنی بۆ گەڕاوەتەوە. تائێستاش حاڵەتەکەی جێی مەترسییە."

خانەدوادەکەی بۆ هەر شەوێک مانەوەی ئەندام لە نەخۆشخانە دەبێت 300 هەزار دینار بدەن؛ تەنیا بۆ هەقی مانەوەی لە چاودێریی چڕ. جیا لەوەش دەبێت رۆژانە زیاتر لە 200 هەزار دینار بۆ پشکنین و چارەسەر بدەن.

خانەوادەی ئەندام هەشت کەسن و تەنیا کاسبکاریان جگە لە باوکیان ئەندام بووە. باوکیشی مامۆستایە و توانای دابینکردنی ئەو خەرجییە قورسەی نییە. ئێستا ئەندام بەو رووداوە لە دووڕیانی نەداری و ئازاردا چاوەڕێی گەڕانەوەی ژیان لە لایەک و یارمەتی لە لایەکی دیکەوە دەکات.
RUDAW -
Top