ئاوارەکانی سەر چیای شنگال دەگەڕێنەوە گوند و زێدی خۆیان

ئاوارەکانی سەر چیای شنگال دەگەڕێنەوە گوند و زێدی خۆیان
لە مانگێکدا هەزار و 400 خێزانی ئاوارەی شنگال لە کەمپی سەردەشت لەسەر چیای شنگال گەڕاونەتەوە زێدی خۆیان. حکومەتی عێراق تەنیا ملیۆنێک و 500 هەزار دینار دەداتە ئەو خێزانانەی کە کەمپەکان جێدەهێڵن، بەڵام ئەو پارەیە بەشی نۆژەنکردنەوەی خانوو و کڕینی کەلوپەلی ناو ماڵیان ناکات.

کنێ بەدەل، دایکێکی ئاوارەی شنگالییە و دەڵێت، "بە خوا ملیۆن و نیوێک کەمە و بەشی کرێکارەکانمان ناکات. خانوو و حەوش هەمووی وێران بووە. پیاوەکانمان نەماون و هیچ شتێکمان نەماوە."

شوکری دوای گەڕانەوەی بۆ شنگال خانووێکی کردووەتەوە و بە گوتەی خۆی 25 ملیۆن دیناری تێدا خەرج کردووە. لە ساڵی 2014شدا داعش شەش ملیۆن دینار زیانی لە خانوو و کەلوپەلەکانی دابوو.

شوکری جەمیل، ئاوارەیەکی گەڕاوەیە بۆ شنگال و دەڵێت، "ملیۆنێک و 500 هەزار بۆ ئێمە نابێتە چارەسەر. ئۆتۆمبێل، مەڕوماڵات و خانوومان تێدا چوو و هیچمان نەما."

دوای ئەوەی وەزارەتی کۆچ و کۆچبەران و حکومەتی عێراق بڕیاریان دا هەر خێزانێکی گەڕاوە بڕی ملیۆنێک و 500 هەزار دیناری عێراقیی بدرێتێ، لە مانگێکدا هەزار و 400 خێزان لە ئاوارەکانی کەمپی سەردەشت گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان.

عەلی عەمەر گەبعۆ، یاریدەدەری پارێزگاری موسڵ راگەیاند، "ئەو پارەیەی وەزارەت دایناوە، بۆ ئاوارەکان زۆر کەمە. ئێمە بە جیددی باسمان کردووە و من خۆم لەگەڵ پارێزگاری موسڵ قسەم کردووە."

شەش ساڵە لەلایەن حکومەتی عێراقەوە بودجەی شنگال نەدراوە و، کارگێڕیی دەڤەرەکە ئەوە بە کاریگەرییەکی گەورە لەسەر شنگال دەبینێت.

فەهەد حامۆ، قایمقامی شنگال، بە رووداوی گوت، "ئێمە داوا لە حکومەتی عێراق دەکەین بودجەی ساڵانی رابردوو بنێرێت، چونکە شنگال گەلێک وێرانکاریی بەسەردا هاتووە."

بە گوێرەی ئامارەکانی کارگێڕیی شنگال 25٪ـی خەڵکی دەڤەرەکە گەڕاونەتەوە سەر ماڵ و حاڵیان. 85٪ـی خانووەکانی شنگال وێران و تاڵان کراون و، تاوەکو ئێستا یەک خانوویش لەلایەن حکومەتی عێراقەوە نەکراوەتەوە.
rudaw -
Top