تەندروستیی دهۆک: 29 تووشبووی کۆرۆنا تەندروستییان ناجێگیرە
هەمزە رەزیکی، بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆک، راگەیاند، ژمارەی مردن بە کۆرۆنا لە دهۆک کەمیکردووە، بە پێچەوانەوە ژمارەی تووشبوون بە کۆرۆنا زیادیکردووە. ئێستاش 21 تووشبوو لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد و هەشت کەسی دیکەش لە بنکەی سیپا لەژێر ئامێری هەناسەدانی دەستکرد دان، بەگشتی کە ژمارەیان 29 کەس دەکات باری تەندروستییان ناجێگیرە. هەروەها 97 کەسیش ئۆکسجینیان لەسەرە.
بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستیی دهۆک، هۆکاری بەرزبوونەوەی ژمارەی تووشبووانی لە پارێزگاکەیان گەڕاندەوە بۆ ئەوەی" ماوەی سێ رۆژە بڕیاریان داوە پشکنینی پۆزەتیڤی تاقیگە تایبەتەکان لەگەڵ ئەنجامی پشکنینە حکومییەکانی سنووری پارێزگای دهۆک هەژمار بکرێت."
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستی، لە دهۆک ئەمڕۆ 445 تووشبووی کۆرۆنا هەبوون، دوێنێ 406 تووشبوو هەبوون و یەکشەممەش 156 تووشبووی کۆرۆنا هەبوون.
ئەنجامی تاقیگەی ئەهلی لەماوەی 24 کاژێری رابردوودا 125 تووشبووی نوێی کۆرۆنا هەبووە، لە حکومیش 320 تووشبووی پۆزەتیڤ هەبوون، بەوشێوەیە ژمارەکە بۆ 445 تووشبوو بەرز بووەتەوە. هەمزە رەزیکی باسیشی لەوەکرد، رۆژانە بەگشتی 100 بۆ 130 پشکنینی پۆزەتیڤ لە تاقیگە ئەهلییەکان دەکرێت
ئەمڕۆ سێشەممە 20-10-2020 لە دهۆک 166 تووشبووی کۆرۆنا چاکبوونەتەوە، رۆژی دووشەممەش 65 کەس. هەمزە رەزکی، گوتی" دۆخەکە بەجۆرێکە رۆژانە 150 بۆ 250 چاکبوومان هەیە.
هەروەها ئەمڕۆ پێنج کەس و دوێنێ چوار تووشبووی کۆرۆنا لە دهۆک گیانیان لەدەستداوە. بەرپرسی راگەیاندنی تەندروستی دهۆک ئەوەی خستەڕوو "بەراورد بە هەفتەکانی رابردوو ژمارەی مردن بەگشتی کەمیکردووە، لەکاتێکدا پێشتر رۆژانە 8 بۆ 12 کەس لە دهۆک بە کۆرۆنا دەمردن."
بەگوێرەی ئاماری وەزارەتی تەندروستی تاوەکو ئێستا 18 هەزار و 488 کەس لە دهۆک تووشی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیە 388 کەسیش گیانیان لەدەستداوە و 9,736 لەژێر چاودێریدان.
rudaw -
