لە هەولێر وەزارەتی تەندروستی و یۆنامی گرێبەستێک واژۆ دەکەن

لە هەولێر وەزارەتی تەندروستی و یۆنامی گرێبەستێک واژۆ دەکەن


ئەمڕۆ سێشەممە بەمەبەستی چارەسەری کارمەندانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان، دوای تووشبوانیان بە ڤایرۆسی کۆرۆنا، لە نێوان وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و یۆنامی یاداشتی لێکتێگەیشتن واژۆ کرا.

ئەمڕۆ سێشەممە 20/10/2020 لە بەڕیوەبەرایەتیی گشتیی تەندروستیی هەولێر، لە نێوان وەزارەتی تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و نێردەی نەتەوە یەکگرتەووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یۆنامی) یاداشتی لێکتێگەیشتنی چارەسەری کارمەندانی یۆنامی کە تووشی کۆرۆنا دەبن واژۆ‌ کرا.

د. دلۆڤان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی هەولێر لە ڕێوڕەسمەکەدا گوتی: "ئەم ڕێککەوتنە تایبەتە بە دابینکردنی چارەسەری پێویست بۆ کارمەندانی سەر بە نەتەوە یەکگرتووەکان. کە دوای ئەوەی پشکنینیان بۆ دەکرێت و دواتر لە نەخۆشخانەکانی تایبەت بە چارەسەری کۆرۆنا چارەسەر وەردەگرن".

پاشان ڕیکاردۆ ڕیدریگز، نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان لە هەرێمی کوردستان، سوپاسی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی تەندروستی کرد بۆ هەوڵەکانیان لە ڕێگریکردن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا و پێشکەشکردنی خزمەتگورزاریی تەندروستی.

گوتیشی: "ئێمە متمانەمان بە دامەزراوە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان بەگشتی و هەولێر بەتایبەتی هەیە، بۆیە لەگەڵیان ڕێک دەکەوین بۆ چارەسەریی کارمەندانی نەتەوە یەکگرتووەکان لەسەر ئاستی عێراق".

د. سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لەمبارەوە گوتی: "ئەم ڕێککەوتنە نیشانەی بەهێزی ئەو متمانەیەیە کە ڕێکخراوە جیهانییەکان بە خزمەتگوزارییەکانی تەندروستیی لە هەرێمی کوردستانیان هەیانە".

گوتیشی: "ماوەی هەشت مانگە تیمە تەندروستییەکانی هەرێمی کوردستان بەوپەڕی لەخۆبوردووییەوە بەرەنگاری ڤایرۆسی کۆرۆنا دەبنەوە و بەردەوامیش پڕۆتۆکۆڵی تەندروستی لە هەرێمی کوردستان تازە دەکرێتەوە".






باسنيوز
Top