حکومەت وردەکاریی جێبەجێکردنی یاسای چاکسازی لە سێ مانگدا بڵاودەکاتەوە
بەشی یەکەم لە راپۆرتەکەی حکومەت تایبەتە بە ئامانجەکانی جێبەجێکردنی یاساکە، تێیدا هاتووە، "بۆ بەدامەزراوەییکردن و یەکخستنی بەڕێوەبەرایەتی و فەرمانگە و یەکە جیاجیاکان کە مووچەی خانەنشینی تێدا خەرج دەکرێت، لیژنەکە وەزارەتی دارایی راسپاردووە بۆئەوەی پێشنیازەکانی بۆ دامەزراندنی سندووقی خانەنشینی ئامادە بکات و هەیکەلبەندییەکی نوێ ئامادە بکات.
یاسای چاکسازی لە 1-7-2020 چووە بواری جێبەجێکردنەوە. راپۆرتەکەی حکومەتیش لە 151 پەڕە پێکهاتووە، هەنگاوەکانی بۆ جێبەجێکردنی یاساکە خستووەتەڕوو.
بەشی دووەمی راپۆرتەکەدا تایبەتە بە رێکخستنەوەی ماف و ئیمتیازاتەکانی میراتگرانی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندانیکراو و گیراوانی سیاسی. ماددەکە لە پێنج بڕگە پێکهاتووە و لە بڕگەی سێیەمدا هاتووە، "وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراوان لیژنەیەکی تایبەتی پێکهێنا بە سەرۆکایەتیی نوێنەری ئەنجوومەنی وەزیران و.. ئەرکی وردبینی و پێداچوونەوە و پاککردنەوەی لیستەکانی زیندانی و راگیراوی سیاسی بەپێی شایستەی یاسایی دیاریکراو دەگرنە ئەستۆ و لەکار بەردەوامن".
بەشی چوارەمی راپۆرتەکەش لەبارەی پێشمەرگە، هێزەکانی ئاسایش و پۆلیسی ناوخۆیە، لە بڕگەی سێیەمیدا هاتووە، وەزیری پێشمەرگە دەسەڵاتی داوە بە فەرمانگەی چاودێریی دارایی بۆ وردبینیکردنی لیستی پێشمەرگە و پێداچوونەوە بە خزمەتی پێشمەرگایەتی.
لە بابەتی دەرماڵەکانیشدا هاتووە، ناوەندی راوێژی یاسایی لە ئەنجوومەنی وەزیران رەشنووسی بڕیاری رێکخستنەوە و پێداچوونەوەی بە گشت دەرماڵەکانی ئامادە کردووە.
هەموو مامەڵەیەکی خانەنشینی، بەپێی راپۆرتەکەی حکومەت، لە 1ـی تەممووزەوە بەپێی رێنمایی ژمارە 13 و یاسای چاکسازی کراوە.
حکومەت لە راپۆرتەکەیدا باسی لەوە کردووە، یاسای چاکسازی لە مووچە و دەرماڵە و بەخشین و ئیمتیازاتەکان و خانەنشینی لە هەرێمی کوردستان "لەپێناو هێنانەدی دادپەروەری و یەکسانی لەنێوان سەرجەم سوودمەندان و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە لە بودجەی گشتی".
rudaw -
