چاڵنجی مومو مەترسی لەسەر منداڵ و گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکردووە

چاڵنجی مومو مەترسی لەسەر منداڵ و گەنجانی رۆژهەڵاتی کوردستان دروستکردووە
یارییە ئۆنلاینەکان لە رێگەی ئینتەرنێت تا دەڕوات زیاتر بەربڵاو دەبێت، بەشێک لەوان تەنیا بۆ خۆشی و چێژ وەرگرتنن، بەڵام هەندێکیشیان مەترسیدار و کوشندەن بەتایبەت بۆ منداڵ و گەنجان.

چەند ساڵێک پێش ئێستا یاری یان چاڵنجی نەهەنگی شین دەستیپێکرد و لەڕێگەی چەند یارییەک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان ئەنجام دەدرا. ماوەی یارییەکە 50 رۆژ بوو و لە کۆتاییدا نەهەنگی شین کەسەکەی ناچار دەکرد خۆی بکوژێت. پێشتر چەندین کەیسی خۆکوشتن بەو یارییە لە پارێزگاکانی رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێرانیش تۆمارکرابوون.

ئەوەی ئێستا خێزانەکانی نیگەران کردووە، پەیدا بوونی چاڵنجێکی هاوشێوەیە کە ژیانی منداڵان و مێرمنداڵان دەخاتە مەترسییەوە و تاوەکو ئێستاش گیانی چەندین کەسی گرتووە. ئەویش چاڵنجی موموە.

مومو یارییەکە لە رووخساری کەسێکی چاو هەڵتۆقیو، دەم زل و رووخسار شۆڕ پێکهاتووە، لە ڕێگەی ئەپلیکەیشنی وەتسئەپ و فەیسبووکەوە زیاتر پەیوەندی بە منداڵ، مێرمنداڵ و گەنجانەوە دەکات.

د. سەید کازم مەلەکوتی، ئەندامی کۆمەڵەی زانستی رێگریی خۆکوشتن لە ئێران ئاماژە بەوە دەکات "ئەم رۆژانە باس لە چاڵنجی موموە کە لە فەیسبووک و واتس ئاپ بڵاوبووەتەوە و پەیوەندی بە منداڵ و مێرمنداڵانەوە دەکرێت و هانیان دەدەن لەم یارییەدا بەشداری بکەن. لەم یارییانەدا هەنگاو بە هەنگاو بەکارهێنەرانیان هان دەدەن بەشێوەیەک زیان بە خۆیان بگەیێنن یان خۆیان بکوژن".

شارەزایانی دەرونناسی ئامۆژگارییان بۆ منداڵان و گەنجان هەیە کە چۆن خۆیان لەم یارییانە بپارێزن و ئەگەریش تووشبوون چی بکەن.

"سەرەتا منداڵان، مێرمنداڵ یان ئەو گەنجانەی کە تووشی ئەم یارییانە دەبن پێویستە خۆیان نەخەنە داوی ئەم یارییە خراپانە و ئەگەریش وەها پەیام یان تەلەفۆنێکیان بۆ هات لەگەڵ کەسوکاریان قسە بکەن و داوای یارمەتیان لێ بکەن".

هەروەها داواش لە دایک و باوکان دەکرێت کە لەکاتی بەکارهێنانی یارییە ئۆنلاینەکان و تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان، چاودێری منداڵەکانیان بکەن بۆ ئەوەی نەکەونە داوی ئەو یارییە مەترسیدارانە و ئەگەریش وەها شتێک روویدا ئەم هەنگاوانە بگرنەبەر.

د. سەید کازم مەلەکوتی داواش لە دایک و باوکی منداڵان دەکات، ئەگەر زانییان منداڵەکانیان تووشی ئەم جۆرە یارییانە بوون، پەیوەندی بە ناوەندەکانی راوێژکاری و دەروونناسییەوە بکەن، بەڵام ئاگاداری ئەوە بن لەسەر ئەم بابەتە لەنێوان کەسوکار و منداڵەکان ناکۆکی و ناخۆشی روو نەدات و بابەتەکە بە گفتوگۆ و بە ئارامی چارەسەر بکەن".

rudaw -
Top