لە دوو ساڵدا 36 هەزار کەیسی قاچاخچێتی لە ئیبراهیم خەلیل تۆمارکراون

لە دوو ساڵدا 36 هەزار کەیسی قاچاخچێتی لە ئیبراهیم خەلیل تۆمارکراون
لە ماوەی دوو ساڵدا 36 هەزار کەیسی قاچاخچێتی، سەرپێچێ و یاساشکێنی لە ئیبراهیم خەلیل تۆمارکراون و کارمەندی گومرگی دەروازەکەش خۆشیان تێوەگلاون.

لە تاقیگەی پشکنینی دەروازەی سنووریی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل پشکنین بۆ کاڵا هاوردەکراوەکان دەکرێت و سەرپەرشتی تاقیگەکە دەڵێت، دەرگایان بۆ هەرکەسێک واڵایە کە گومانی هەیە.

د. موافق سلێمان بەروارى، سەرپەرشتی گشتیی تاقیگەی دەروازەی سنووریی ئیبراهیم خەلیل راگەیاند، "لیژنەکانی پەرلەمان، وەزارەتی دارایی، سەرۆکوەزیرانی عێراق، کۆنسوڵەکانی ئەمریکا و تورکیا هەموویان سەردانیان کردووە، راپۆرتەکانیان هەموو ئەرێنی بوون."

لە تاقیگەکە ئامێری پێشکەوتوو دانراون. لەسەری ئەم مانگەوە رۆژانە هەموو داتا و زانیارییەکان بە شێوەیەکی ئەلیکترۆنی دەگەنە وەزارەتی دارایی و لایەنە بەرپرسەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان.

د. موافق سلێمان بەروارى ئاماژەی بەوە دا، "ئەنجامەکانی ئێمە لەسەر ئاستی عێراق و نێودەوڵەتی باوەڕپێکراون و هەموویان بڕوانامەی ئازییان لێدەدەین."

95٪ـی پێداویستییەکانی دهۆک و بەشێک لە عێراق و هەرێمی کوردستان لە رێگەی ئیبراهیم خەلیلەوە دابین دەکرێن. سێ رۆژیشە لە دەروازەکە 100٪ هاتووچۆ وەکو پێش کۆرۆنا ئاسایی بووەتەوە.

بە گوێرەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی دەروازەی ئیبراهیم خەلیل لە ساڵی 2019 و 2020ـدا زیاتر لە 36 هەزار سەرپێچیی قاچاخچێتی تۆمارکراون، لێیانکۆڵراوەتەوە و بەشێکیان رەوانەی دادگە کراون.

کامى کەمال، گوتەبێژی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیی ئیبراهیم خەلیل راگەیاند، "لە هەموو دەروازە سنوورییە نێودەوڵەتییەکان بەدواداچوون بۆ کاری ساختە دەکرێت و تاوەکو ئێستا 36 هەزار کێشەی گومرگی تۆمارکراون و لە 2019وە تاوەکو ئێستا نزیکەی 150 هەزار تۆن کەرەستەی جۆراوجۆر گەڕێنراونەتەوە و لەنێوبراون."

بە گوێرەی ئامارەکانی ژووری بازرگانیی دهۆک، بەر لە شەڕی داعش قەبارەی بازرگانی لە ئیبراهیم خەلیل 12 ملیار دۆلار بوو، هەولێر و ئەنقەرە بەرنامەیان وابوو بیگەیێننە 20 ملیار دۆلار، بەڵام داعش و کۆرۆنا کاریگەرییان هەبووە و ئێستا بۆ حەوت ملیار دۆلار دابەزیوە.

rudaw -
Top