هاتووچۆی سلێمانی: خەڵک هۆشیارە و کارمەندی هاتووچۆ لەسەر شەقام کەمدەکەینەوە
ساڵى رابردوو، لە سلێمانی ئاڕاستەى ئەو شەقامانە پێچەوانە کرانەوە کە روویان دەکردە سەنتەرى ناوبازاڕ، بە جۆرێک تەنیا دوو شەقام دەچن بۆ سەنتەر و چوار شەقام دەردەچن، بۆ ئەمساڵیش هاتووچۆى سلێمانى پلانى ئەوەیان داناوە شارەکە بکەنە 5 ناوچە، کارمەندى هاتووچۆ لە رۆژدا کەم و لە شەواندا زیاد بکەن.
سەعدوڵڵا عەزیز، بەڕێوەبەرى هاتووچۆى ناوشارى سلێمانى گوت، ئەو پێنج زۆنە، هەر ئەفسەرە و لە چەند زۆنێک بەرپرسە و کارمەند و کەرەستەمان بۆ دابینکردووە. کارمەندى رۆژمان نەهێشتووە، چونکە خەڵک هۆشیارن و پابەندن، بەڵام لە شەودا سەرپێچی هەیە، رووداوەکانى شەویش، چەند هێندەى رۆژان زیاترن".
گرفتى سەرەکیى سلێمانى، هەڵکەوتەى شەقامەکانیێتى، بە جۆرێک زۆرینەیان تواناى گەورەکردن و دەستکارییکردنیان نییە، گەڕەکەکانى نێو بازاڕیش بەشێکیان کراون بە باڵەخانە و گەراج و تواناى گۆڕانکاری نەماوە.
دیلمان حەمەنادر، سەرۆکى رێکخراوى ترافیکە، دەڵێت پرۆژەیەکیان داوەتە هاتووچۆى سلێمانى بۆ رزگاربوون لە لۆدى شەقامەکان، گرنگترین چارەسەر لاى ئەوان، گواستنەوەى ئەو بازاڕ و شوێنانەیە کە زۆرترین هاتووچۆى خەڵک و شۆفێرى لەسەرە.
دیلمان دەڵێت، "دەبێت قەرەباڵخى ناو بازاڕ نەمێنێت و شوێنە گشتییەکان ببرێنە قەراخى شار، ئەو شەقامانەى خەڵکى زۆر لێیە، ئۆتۆمبێلى لێ قەدەخە بکرێت و هاتووچۆی بەکۆمەڵ وەک قیتار زیاد بکرێت".
rudaw -
