بەشێک لە هێزەکانی نێو شنگال دەڵێن پابەندی رێککەوتنی بەغدا و هەولێر نابن

بەشێک لە هێزەکانی نێو شنگال دەڵێن پابەندی رێککەوتنی بەغدا و هەولێر نابن
حکومەتی عێراق و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئاساییکردنەوەی دۆخی شنگال رێککەوتوون، هێشتا رێککەوتن نەچووەتە بواری جێبەجێکردن، ژمارەیەک لە چەکدارانی کوردی ئێزدی کە لەنێو حەشدی شەعبیدان، رێککەوتنەکە رەتدەکەنەوە.

لە دیبەیتێک لایەنە پەیوەندیدارەکانی شنگال گەنگەشەی رێککەتنەکەیان کرد. بەرپرسی لقی 17ی پارتی لە شنگال لەبارەی ناڕەزاییەکان بەرامبەر رێککەوتنی شنگال، ئاماژە بەوەدەکات رێککەوتن لەنێوان دوو حکومەت کراوە و هەر ئەوانیش جێبەجێی دەکەن.

قادر قاچاخ، بەرپرسی لقی 17ـی پارتی لە شنگال دەڵێت، هەردوو حکومەت پابەندن بە ئەو رێککەوتنەوە، ئەوەش بۆ گەڕاندنەوەی یاسایە بۆ شنگال. "80%ـی خەڵکی ئێمە لەژێر خێمە دەژین، خێمەیان پێباشترە لە حکومی ئەو هێزانەی لەوێن، پەکەکە و حەشدی شەعبی لەوێن و شنگالیان داگیرکردووە".

لە رێککەوتنەکەدا هاتووە، چەکدارانی ناو شنگال شارەکە چۆڵ بکەن، پێشمەرگە و سوپای عێراق دەوروبەری شنگال دەپارێزن. دوای رێککەوتنەکەش خدر رەشۆ وەک بەربژێری قایمقامی شنگال دەستنیشان کرا، بەڵام ئەوانەی ناڕازین لە رێککەوتن، داوادەکەن کەسێکی دیکە بۆ پۆستەکە دەستنیشان بکرێت بە پێچەوانەوە رەتیدەکەنەوە.

خاڵ عەلی، فەرماندەی حەشدی شەعبی لە شنگال، دەڵێت، دەبێت کەسێکی شنگالیی ئێزدی قەزاکە بەڕێوە ببات.

بە دانانی قایمقامی نوێ هەنگاوەکانی ئاساییکردنەوەی شنگال دەستپێدەکات، مەحما خەلیل، قایمقامی شنگال داوای لە گرووپ و لایەنەکانی شنگال کرد بەشێکبن لە رێککەوتن و کێشەی بۆ دروستنەکەن، بۆئەوەی خەڵكی شنگال بتوانن بگەڕێنەوە سەر ماڵ و شوێنی خۆیان.

مەحما خەلیل، قایمقامی شنگالە و دەڵێت، با خوێنی 519 پێشمەرگە لەبیرنەکەین، بەشێک بین لە رێککەوتنەکە.

لایەنەکانی ئێزدی لە شنگال ئامادەن بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتن و پێیان وانییە رێگریی هەبێت لە رێککەوتن. فەرماندەیەکی پێشمەرگەی کوردانی ئێزدی پێیوایە ئەو لایەنانەی رێگریی دەکەن، دەسەڵاتیان نییە و بۆ خۆنمایشکردنە.

قاسم شەشۆ، فەرماندەی پێشمەرگەیە لە شنگال رایدەگەیێنێت، ئەو قسانەی دەڵێن قبووڵ ناکەن پێشمەرگە بێت، تەنیا بۆ قسەی راگەیاندنە.

بەشێک لە خەڵکی شنگال لەبارەی جێبەجێکردنی رێککەوتنەکە بۆچوونی خۆیان باسکرد، حوسێن حەسەن، مامۆستایە و دەڵێت، "بەڕاستی بڕیارەکە جێبەجێ نەبووە، دۆخەکە وەک خۆیەتی و هێزەکان لەنێو شنگالن".

عەلی ساڵح، جووتیارە، دەڵێت، بە بۆچوونی ئەو پێشمەرگە لە شنگال بووایە باشتر بوو، "ئەگەر پارتی بوایە باشتر دەبوو و ئارامی بەرقەرار دەبوو.

دوای نزیکەی سێ ساڵ هەنگاوی کردەیی بۆ ئاساییکردنەوەی رەوشی شنگال دەستیپێکردووە، سەرەتا لە رووی کارگێڕی و ئەمنییەوە دەبێت. دواتر قۆناخی ئاوادانکردنەوەی شنگال و گەڕانەوەی ئاوارەکان دەستپێدەکات.
rudaw-
Top