لیژنەی كاروباری شەهیدان سەردانی بەغدا دەكات

لیژنەی كاروباری شەهیدان سەردانی بەغدا دەكات
بڕیارە بەم نزیكانە لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی كوردستان، بە مەبەستی گەیاندنی چەند پرسێكی تایبەت بە ماف و شایستە داراییەکانی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالكراوان و زیندانیانی سیاسی سەردانی بەغدا بکات.

سەوسەن محەمەد میرخان، سەرۆكی لیژنەی كاروباری شەهیدان و جینۆساید و زیندانیانی سیاسی لە پەرلەمانی کوردستان، ڕايگەیاند: "لیژنەکەمان بە مەبەستی داواكاریی كەسوكاری شەهیدان و ئەنفالکراوان و زیندیانی سیاسی سەردانی بەغدا دەكەین و لەگەل بەرپرسانی بەغدا كۆ دەبینەوە و چاوەڕێی بەغداین بۆ ئەوەی ڕۆژەکەی دیاری بكرێت و لەگەڵ فراكسیۆنە كوردستانییەكانی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراقیش كۆ بینەوە".

لەبارەی مەبەستی سەردانەكەیان ئەو ئەندام پەرلەمان گوتیشی: "بەغدا تا ئێستا هیچ مافێكی کەسوکاری شەهیدان و ئەنفالکراوان زیندانیانی سیاسیی هەرێمی كوردستانی نەداوە، چونكە ئێمەی كورد ئەم هەموو ئەنفال و گۆڕی بەكۆمەڵەمان هەیە و هەزاران شەهیدمان هەیە، بۆیە عێراق پێویستە و لەسەریەتی قەرەبووی كەسوكاری شەهیدان بكاتەوە، چونکە بەپێی دەستوور بەشێكین لە عێراق و دەبێت حكوومەتی عێراق بە یەك چاو سەیری هاووڵاتیانی عێراقی بكات".

سەوسەن محەمە میرخان ئاماژەی بەوەش کرد: "لە هەرێمی كوردستان کەسوکاری شەهیدان مووچەكانیان 500 هەزارە، كەچی هی بەغدا سەرووی ملیۆنێك دینارە و بە هەمان شێوەش زیندانیانی سیاسیش، بۆیە ئێمە دەمانەوێت بە بەغدا بڵێین پێویستە بەیەك چاو سەیری هەموو کەسوکاری شەهیدان بكرێت و مووچە و شایستە داراییەکانیان هاوتا بکرێت".

ئاماژەی بە ئەوەش دا: "پێشتر مووچەی زیندانیانی سیاسی و کەسوکاری شەهیدان لەسەر بوودجەی بەغدا دەدرا تا ساڵی 2019، بەڵام دوایی ئەوە نەما کە دەبوو بەردەوام بێت، بەڵام تا ئێستا هیچ حسابێكان بۆ هەرێمی كوردستان نەكردووە، بۆیە دەبێت هەموو بەیەك چاو سەیر بكرێن و لەڕووی مادی و مەعنەوییەوە قەرەبوو بكرێنەوە.












باسنيوز


Top