سەرۆک بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی دەروێش سەعدۆ دەکات

سەرۆک بارزانی پەیامێکی سەرەخۆشیی ئاراستەی بنەماڵەی دەروێش سەعدۆ دەکات
سەرۆک مەسعود بارزانی بەبۆنەی کۆچی دوایی دەروێش سەعدۆ، یەکێک لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموکراتی کوردستان تورکیا، پەیامێکی بڵاوکردەوە.

لە پەیامەکەی سەرۆک بارزانی هاتووە، خوالێخۆشبوو دەروێش سەعدۆ كەسێكی خەباتگێڕ و نیشتیمانپەروەر بوو كە هەر لە شەستەكانی سەددەی بیستەمدا خەباتی سیاسیی خۆی دەستپێكردەوە و ڕۆڵی لە پشتیوانیكردنی شۆڕشی ئەیلوول هەبووە.

دەقی پەیامەکەی سەرۆک بارزانی:

بەناوی خودای بەخشندە و میهرەبان

بە داخێكی زۆرەوە هەواڵی كۆچی دوایی كەسایەتیی دیار و سیاسەتمەداری باكووری كوردستان و یەكێك لە دامەزرێنەرانی پارتی دیموكراتی كوردستانی توركیا (دەروێش سەعدۆ)ـمان بیست. خواڵێخۆشبوو دەروێش سەعدۆ كەسێكی خەباتگێڕ و نیشتیمانپەروەر بوو كە هەر لە شەستەكانی سەددەی بیستەمدا خەباتی سیاسیی خۆی دەستپێكردەوە و ڕۆڵی لە پشتیوانیكردنی شۆڕشی ئەیلوول هەبووە و هەروەها لەدوای نسكۆی شۆڕشی ئەیلوول و لە شۆڕشی گوڵاندا ڕۆڵەیەكی بە وەفای ڕێبازی كوردایەتی بووە و بەردەوام بووە لە پشتیوانیكردنی شۆڕش هەتا ئەو ڕادەیەی ئامادە بووە قوربانی بە ژیانی خۆی بدات لەپێناو یارمەتیدانی پێشمەرگە و تێكۆشەرانی شۆڕشی گوڵان. هەر لەبەر ئەو ڕۆڵە بەرز و دڵسۆزانەی خوالێخۆشبوو دەروێش سەعدۆ لە شۆڕش و خەباتی گەلی كوردستاندا هەیبووە، میدالیای بارزانیی نەمریشی پێ بەخشرا.

بە كۆچی دوایی دەروێش سەعدۆ ئێمە دۆست و هەڤاڵ و تێكۆشەرێكی كوردمان لە دەست داوە. سەرەخۆشی خۆم ئاراستەی خانەوادە و كەسوكاری خواڵێخۆشبوو دەروێش سەعدۆ و ئەندامانی پارتی دیموكراتی كوردستانی توركیا و سەرجەم تێكۆشەر و نیشتیمانپەروەرانی باكوور دەكەم و خۆم بە هاوبەشی خەمیان دەزانم. لە خودای گەورە داواكارم ڕۆحی خوالێخۆشبوو بە بەهەشتی بەرین شاد بكات و سەبر و ئارامی بە هەموو لایەك ببەخشێت.

انا للە و انا الیە راجعون

مسعود بارزانی
2ـی 10ـی 2020
k24 -
Top