لە کەرکووک شەڕ و پێکدادانی توند ڕووی دا

لە کەرکووک شەڕ و پێکدادانی توند ڕووی دا
ئێوارەی ئەمڕۆ لە نزیک قەزای داقووقی سەر بە پارێزگای کەرکووک، چەکدارانی داعش ھێرشیان کردە سەر ھێزەکانی عێراق و بەپێی زانیارییەکان شەڕ و پێکدادانی توند ڕووی داوە.

سەرچاوەیەک لە کەرکووک ڕاگەیاند: "لە گوندی سماقی سەر بە قەزای داقووق داعش ھێرشی کردە سەر ھێزەکانی عێراق و شەڕێکی توند لە نێوان ھەردوولا ڕووی دا."

ئەو سەرچاوەیە، کە نەیویست ناوی ببرێت، دەڵێت: "لە ئەنجامی شەڕەکەی ئەمڕۆی قەزای داقووق، ژمارەیەک سەربازی سوپای عێراق کوژران و بریندار بوون و، چوار چەکداری داعشیش کوژراون."

نووری حەمە عەلی، بەرپرسی میحوەری باشووری کەرکووکی ھێزی پێشمەرگە، لە لێدوانێکی پێشوویدا ئاشکرای کردبوو: "داعش لە کەرکووک و دەوروبەری خەریکی جووڵەن و لە دەرفەت دەگەڕێن بۆ ئەوەی دەستی خۆیان بوەشێنن."

لە سێ ڕۆژی ڕابردوودا لە ناوچەکانی خانەقین و کەرکووک ئەمە بۆ جاری پێنجەمە کە داعش ھێرش دەکاتە سەر ھێزەکانی عێراق و ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان.











PDK
Top