ئەنجوومەنی وەزارەتی پەروەردە و لیژنەی پەروەردەی پەرلەمان پرسی خوێندنیان تاوتوێ کرد
لەمبارەوە عەبدولسلام دۆلەمەری سەرۆکی لیژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵاو توێژینەوەی زانستی پەرلەمانی کوردستان لە لاپەڕەی خۆی لە تۆڕی کۆەمڵایەتیی (فەیسبووک) لەبارەی کۆبوونەوەکە ئاشکرای کردووە: "لە کۆبوونەوەکەدا گفتوگۆ لەسەر ڕەوشی خوێندنی ئەمساڵ لە ھەرێمی کوردستان کرد کە بەھۆی مەترسیی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا پڕۆسەی خوێندن وەستێنراوە، تا ئاساییبوونەوەی دۆخەکە، هەروەها بە تێروتەسەلی باسی هەموو قۆناغەکانی خوێندن و دۆخی قوتابیانی پۆلی ١٢ش کرا".
ئاماژەی بەوەش کرد: "دووپاتمان کردەوە کە ھەموو ھەوڵێک دەدەین بۆ ئەوەی ڕەنجی ساڵێکی خوێندنی قوتابیان و خوێندکاران بەفیڕۆ نەچێت و ھیواخوازین لە نزیکترین کاتدا دەرگای خوێندنگاکان بەڕووی قوتابیاندا بکرێنەوەو پڕۆسەی خوێندن دەست پێ بکاتەوە"
عەبدولسەلام دۆڵەمەری ئاماژەی بەوەش داوە: "بەڵام ئەگەر خوای نەخواستە تا 2020.5.2 ئەم پەتایەی کە ھەموو جیھانی گیرۆدەی خۆی کردووە، بەرۆکمان بەرنەدات و نەتوانین ھۆڵەکانی خوێندن بەڕووی قوتابیاندا بکەینەوە، ئەوا سیستەمی ئەلیکترۆنی پەیڕەو دەکەین وەک دوا فرسەت ئەگەر ھیچ دەرفەتێک نەما، قوتابیان دەتوانن لەڕێگای ئامێری زیرەکەوە سوود لە ڤیدیۆ وانەکانی مامۆستایان وەرگرن،
لە کۆتاییدا دەڵێت: "بەڵام لێرەوە قوتابیان و خوێندکارانی خۆشەویست دڵنیا دەکەینەوە کەوا پەیڕەوکردنی ئەم سیستەمە ئیلزامی نییە، واتە قوتابی سەرپشک دەکرێت لەوەی کە لەگەڵ ئەم سیستەمە بڕوات یان نا، چونکە بۆ تاقیکردنەوەکانی کۆتایی ساڵ، تەنھا ئەو بابەتانە داخیل دەبێت کە تاوەکو202.2.25 لە قوتابخانە خوێندراوە، لەم حاڵەتەشدا قوتابی دەتوانێت تەنھا بۆ دەوڵەمەندبوونی خۆی بە زانست و زانیاری سوودی لێ ببینێت".
باسنيوز
