دەستەی مافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران دەکات

دەستەی مافی مرۆڤ بەدواداچوون بۆ رادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران دەکات
دەستەی مافی مرۆڤی هەرێمی کوردستان نووسینگەی سلێمانی و هەڵەبجەی بۆ ئەنجامدانی بەدواداچوون بۆ ڕادەستکردنەوەی مستەفا سەلیمی بە ئێران راسپارد.

بە گوێرەی راگەیاندراوێکی دەستەی مافی مرۆڤ کە ئەمڕۆ شەممە ١١ی نیسانی ٢٠٢٠ بڵاوکراوەتەوە ، ئاماژە بەوە دراوە کە سەرۆکی دەستەی مافی مرۆڤ، ”نووسینگەکانی سلێمانی و هەڵەبجەی مافی مرۆڤ“ی راسپاردووە تاوەکوو بەدواداچوون بکەن لەبارەی کەیسی ڕادەستکردنەوەی داواکراوێکی ڕۆژهەڵاتی کوردستان بە کۆماری ئیسلامیی ئێران بە ناوی مستەفا سەلیمی ”کە وا بڵاو کراوەتەوە، دوای ڕادەستکردنی لەلایەن ئاسایشی پێنجوینەوە بە ئێران، ئەمڕۆ لەسێدارەدراوە“.

جەختیش کراوەتەوە کە دەستەی مافی مرۆڤ لە چوارچێوەی رێکەوتننامە نێودەوڵەتییەکانی مافی مرۆڤ و پەناهەندەی سیاسی و بەپێی دەستووری عێراق مامەڵە لەگەڵ دۆسیەکە دەکات و چاودێریی دەکات و بەدواداچوونەکانی دەست پێکردووە.

مستەفا سەلیمی دوای ئەوەی خۆی گەیاندووەتە گوندێکی سنووری پێنجوێن لە پارێزگای سلێمانی، لە لایەن ئەنجامدەرانی خیانەتی ١٦ی ئۆکتۆبەرەوە، ڕەوانەی ئێران کراوەتەوە و لەوێ لەسێدارە دراوە.











باسنیوز



Top