وەزیری تەندروستی: 71 کەس بەهۆی بەشداریکردن لە پرسە تووشی کۆرۆنا بوون
د. سامان بەرزنجی، وەزیری تەندروستیی هەرێمی کوردستان بەشداریکرد و رایدەگەیێنێت، "کوردستان لەبەردەم مەترسیی گەورەدایە" بۆ ئەوەش دەڵێت، لەبەر ئەوەی دۆزینەوەی تووشبووان قورستر بووە و "تووشبوو تۆماردەکرێن کە سەرچاوەکەی دیارنییە و تووشبوو هەیە بەرکەوتەی کەسی دووەمە".
د. سامان بەرزنجی دەڵێت، ژمارەی تووشبووەکان بەشێوەیەکی بەربڵاوە "ئەمڕۆ لە شارۆچکەیەک تووشبوو هەبووە، لە دوو گوند و قەزای سۆرانیش هەبوونە کە ئەوە نیشانەیەکی ترسناکە".
هەرچەندە بەشێکی زۆری هاونیشتمانییان پابەندی رێنماییەکانی قەدەخە کردنی هاتووچۆ و رێنماییە تەندروستییەکانن وەکو وەزیری تەندروستی ئاماژەی پێکرد، بەڵام دەشڵێت، "زۆربوونی ژمارەی تووشبووان بەشێکی پەیوەندی بە پابەند نەبوونی هاونیشتمانییانە بە رێنماییەکان. چونکە یەک کەس دەبێت هۆی تووشبوونی چەندین کەسی دیکە".
یەکێکی دیکە لەو هۆکارانەی وایکردووە کە وەزیری تەندروستی بڵێت کوردستان لەبەردەم مەترسیدایە ئەوەیە "هەموو تواناکان سنووردارن لە بواری ژمارەی قەرەوێڵە و پزیشک و پێداویستییە پزیشکییەکان کە بەرگەی ژمارەیەکی زۆری تووشبووان ناگرێت".
د. سامان بەرزنجی دەڵێت، ئێستا دەتوانین بە ئاسانی بەمشێوەیە بمێنینەوە. بەڵام پابەند نەبوونی هاونیشتمانییان بە قەدەخەی هاتووچۆ و رێنماییە تەندروستییەکان کارەکە قورستر دەکات.
وەزیری تەندروستی دەڵێت، "بە لانی کەم ئەگەر لەسەر ئاستی تاکەکەس حیسابی بکەین، 28 رۆژی دوور لە تووشبووی نوێی دەوێت. لەسەر ئاستی کۆمەڵگەش دەبێت بەردەوام ئەو رێکارانە جێبەجێ بکرێن". کۆنترۆڵکردنی کۆرۆنا بە تۆمارنەکردنی تووشبووی نوێ نییە.
رووداو
