وەزیری ناوخۆ: هەندێک لە هاووڵاتیان وەک پێویست لە مەترسیی کۆرۆنا تێنەگەیشتوون
دەقی لێدوانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆ:
ئەمڕۆ بڕیارێکی نوێ لە وەزارەتی ناوخۆ دەرچوو، شەوی رابردوو پاش ئەوەی راوێژمان کرد لەگەڵ پارێزگار و ئیدارە سەربەخۆکان، بۆ ئەوەی
ئەو بڕیارانەی شەوی رابردوو بۆ ئەوەبوو کە ئەو هەنگاوانەی تائێستا لە وەزارەتە پەیوەندیدارەکان و ژووری ئۆپەراسیۆن لە پارێزگاکان، هەڵسەنگاندنێک بکەین کە بزانین لە چ قۆناغێکداین و لە کوێ کەموکوڕییەک هەیە پڕی بکەینەوە. تەئکید بکەینەوە کە مەترسیی کۆرۆنا لە ئاستێکی بەرز دایە.
هەندێک لە هاووڵاتیان وەک پێویست لە مەترسیی کۆرۆنا تێنەگەیشتوون یان وەکوو خۆی وەریان نەگرتوە
ئێمە لە هەرێمی کوردستان بە پلان و بەرنامەیەکی تۆکمەوە لێژنەیەکی باڵا لە وەزیرەکان بۆ رووبەڕووبوونەوەی ڤایرۆسەکە پێکهات. وەزارەتی تەندروستیی ئێمە زۆر زوو ئەو هەنگاوانەی دەست پێکرد. دواتر لێژنەی باڵا دروست بوو و ڕێنمایی دەرچوو
بۆ ئەوەی ڕێگرییەکی باشتر لە پەتاکە بکەین، بڕیارەکان شوێنی خۆی گرت و کاریگەریی راستەوخۆی لەسەر ئەوە هەبوو کە ژمارەی تووشبوان لە هەرێمی کوردستان کەمبێت و خۆشبەختانە تائێستا ژمارەی زیان کەمە لە چاو ئەو وڵاتانەی تووش بوون.
راگرتنی دەوام و هاتوچۆ و ئەو ڕێکارانەی لە پارێزگاکان گیرانە بەر، وایکرد لەم قۆناغەدا بین.
هەندێکجار هەست دەکەین خەڵکی ئێمە مەترسییەکە وەک خۆی وەرناگرێت. هەندێک بانگەشەی ئەوە دەکەن کە ڤایرۆسەکە لە کوردستان جیاوازە لە وڵاتانی تر، ڤایرۆس هەمان ڤایرۆسە، بەڵام ڕێکارەکانمان لە وڵاتان جیاوازە و ئێمە زووتر خۆمان ئامادە کرد و ستراتیژێکمان دانا بۆ پاراستنی خەڵکی خۆمان.
جێی خۆشحاڵییە کە ژمارەی تووشبوان لە هەرێمی کوردستان کەمە و سوپاسی خەڵکی کوردستان دەکەین کە هاوکار بوون تائێستا لەگەڵمان، هەروەها میدیا و دەزگا ئەمنییەکان و هێزەکان هاوکار بوون. سوپاسێکی بێپایانی تیمەکانی تەندروستی و پزیشکان دەکەین کە وەک پێشمەرگە لە هێڵی پێشەوەی بەرگریکردنن لە هاووڵاتیانی هەرێمی کوردستان و خۆیان کردۆتە گیانفیدای ئەم خاکە و لە هەموومان زیاتر ژیانیان لە مەترسیدایە.
لە رۆژانی رابردوو هەستمان کرد کە جۆرێک لە خراپ سوودبینین هەیە لە بەکارهێنانی ئۆتۆمبێل و ناسنامەی جۆراوجۆر، خەڵکێک هەیە بەخراپ سوود لە پێناسەکان دەکات بۆ خۆدەربازکردن لە بازگەکان. ئەو خاڵانەی بەیاننامەکە بۆ ئەوەیە کە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان لە هەموو پارێزگاکان پێداچوونەوە بە هەموو ڕێکارەکان بکەن و هەستمان کردووە ڕێگەپێدانێکی زۆر دراوە. کە گوتمان قەدەغەی هاتوچۆ، گوتمان بە پیادە و ئۆتۆمبێل قەدەغەی هاتوچۆیە. لە هەندێک شوێن جۆرێک لە قەرەباڵغی هەیە.
ئەم ٤٨ سەعاتەی دوایی بۆ ئەوە بوو نەفەسێک بە ژووری ئۆپەراسیۆنەکان بدەین، چونکە فشارێکی زۆر لەسەر ئەو ژوورانە و تیمەکان و هۆبەکان هەیە، تاوەکوو پێداچوونەوەیەک بەو رێکارانە بکەن و باشتر خزمەتی خەڵک بکەن، ژیانی تیمەکانی تەندروستیش باشتر بپارێزین.
بەداخەوە راگەیاندن و سۆسیال میدیا و بەشی هەرە زۆری خەڵکیش تەنیا ئەو خاڵە دەبینن کە باسی راگرتنی تەواوی هاتوچۆ دەکات، ئەوانەیتر نابینن کە بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخەکەیە. ئێمە لەم ٤٨ کاتژمێرە بەرنامە دادەنێین کە چ جۆرە ئاسانکارییەک بکەین؟ ئایا دەتوانین دلیڤەری بۆ نانەواخانە و شوێنی فرۆشنی سەوزە و میوە و ..هتد دابنێین؟ بەڵێ دەتوانین. داوا لە هاووڵاتیان و دانیشتوانی هەرێمی کوردستان، ئیدارەکان، ڕاگەیاندن، تیمەکانی مەیدانی، پێشمەرگە، پۆلیس، ئاسایش و برادەرانی راگەیاندن، تکایە وەک یەک تیم هاوکار بین تا ئەم دۆخە تێپەڕێنین.
ئێمە لە کۆمەڵگەیەکی ٦ ملیۆن کەسیدا ٢١٤ حاڵەتی تووشبوونمان هەیە کە زیاتر لە ٧٤ کەسیان گەڕاونەتەوە ماڵ. ئەمە دەستکەوتە و سیاسەت و پلانەکانی حکوومەت بە پلانە و شێوازی چارەسەری نەخۆشەکانیش بە پلانە. بۆیە پێویستە پێداچوونەوە بەە هەموو ئەو پرۆسەیە بکەین و خۆمان ئامادە بکەین.
ئێمە دوو سەرچاوەمان هەبوو بۆ نەخۆشییەکە، نزیکەکە ناوچەیی بوو، دوورەکەش لە وڵاتانی ئەورووپا بوو کە ئێستا بەشی زۆریان لەو کەیسانەن کە لە پاش ١٥ی شوباتەوە لە ئەورووپاوە هاتوونەتەوە.
ترسمان هەیە لەو بەروارەوە خەڵکێکی زۆر بەریەککەوتنیان هەبووبێت، لە یەک پرسە لە گەڕەکێک ١٤ کەس تووشبوون. دەبێت سەرچاوەی ئەو بەریەککەوتنە کۆنتڕۆڵ بکەین. ئەو ٤٨ کاتژمێرەمان پێویست پێ هەیە تا بزانین لە کوێین و پێویستە چی بکرێت، بۆ ئەوەی ژیان نەوەستێت و زیاتر خۆمان بپارێزین.
نایشارینەوە مەترسیی ئەوەمان هەیە کە خەڵکێکی زیاتر لەنێو کۆمەڵگە هەبێت و بەریەککەوتنی زیاتر هەبووبێت. رەنگە خوشک و برایانی دکتۆر رەنگە دڵگران بووبن لە بڕگەیەکی بەیانەکەدا، ئێمە هەموو مرۆڤین، هەستمان کرد کە جۆرێک خراپ سوودبینین لە هەندێک خەڵک، وێڕای دەستخۆشیمان لە هەموو پزیشکەکان، تەواوی تیمەکانمان راسپاردووە کە وەک پێشتر بە ڕیزەوە و بە ڕێکی مامەڵە لەگەڵ پزیشکان بکرێت و هیچ پزیشکێک لە ئیشکردن راناگیرێت و کەسیان دەستگیر ناکرێت. بەڵام ئەوەی هەیە، بۆ ئەو کەسانەیە لە پەنای ئیشە پیرۆزەکەوە خراپ سوودبینینی هەبێت.
داوامان لە وەزارەتی تەندروستی کردووە لە مەودوا خشتەی ئێشکگریی تیمەکان لە هەموو دامەزراوەکان ئامادە بکرێت. داواشمان لە وەزارەتی پێشمەرگە کردووە خشتەی ئێشکگر ئامادە بکات تا بزانین کێ لە ئێشکگرییە.
لە ماوەی یەک کاتژمێر لە خاڵێکی داخڵبوونی شاری هەولێر، سەرژمێرییەک لە لایەن هاتوچۆ و تیمەکانی زێرەڤانی کراوە، لە ٦٠٠ ئۆتۆمبێل، ٩٩یان ڕۆژنامەنووس و ڕاگەیاندنکار بوون. ئێمە ئەو بڕیارانەی دەرمانکردووە لەسەر بنەمای سەرژمێری بووە. گوتوومانە راگەیاندن بۆ گەیاندنی پەیامی راستەقینە ئازادە، بەڵام ناکرێ هەموو خەڵک لە جووڵەدا بێت. هەزاران کەسمان لە سەندیکای رۆژنامەنووسان و راگەیاندنەکان هەیە، پێویستە سەندیکا و تیمەکانی راگەیاندن لەمەودوا نووسراوی دەزگاکەی هەبێت کە ئەو تیمە رێگەپێدراوە بۆ ئەوەی کارەکەی بکات.
راگەیاندن تائێستا باش هاوکار بوون، تکامان وایە لەم قۆناغەش باش هاوکاریمان بکەن.
دیپلۆماتکار و کونسوڵخانەکانیش لەم ٤٨ کاتژمێرە هەندێک جموجۆڵیان ئاستەنگ کراوە. ئەم بڕیارە بۆ ٤٨ کاتژمێرە، ئەگەر هاووڵاتییان هاوکار بن، بەتایبەت لە گەڕەکەکانی دوور لە ناوەندی شارەکان، دەزانین خەڵک رەنگە پێویست بکات جاروبار نەفەسێک بکێشن، بەڵام بەڕێزان ئێمە بۆ ئەوەمانە کە ئێوە سەلامەت بن. چ سوودێک لەوەیە کە جموجۆڵی بازرگانی، قووتی خەڵک، داهاتی حکوومەت، هاتوچۆی خەڵک بۆ دەوام و کێڵگە کشتوکاڵییەکان و هەموو ئەوانەیە؟ زەرەرمەندی سەرەکی حکوومەتی هەرێمی کوردستانە. لە نێوان دوو بژارەین، ئایا سەلامەتیی خەڵک بپارێزین یان داهات و جموجۆڵی ئابووری و داهات بپارێزین، ئێمە قوربانیمان بە بڕگەی دووەم داوە و سەلامەتیی خەڵکمان پاراستووە. چاوەڕێین وەک تائێستا بەشی هەرەزۆری خەڵکی ئێمە هاوکار بوون، داوا دەکەین باشتر هاوکاریی تیمەکانی تەندروستی بکەین تاکوو ئەم دوو هەفتەیەش بە سەرکەوتوویی تێپەڕێنین. ناتوانین تاسەر بەم شێوەیە بەردەوام بین، بەڵام دەکرێ دەرفەتی هەڵسەنگاندن بە یەکتر بدەین.
لەبارەی قەرەباڵغیی مارکێتەکان، جەختی کردەوە: ”لە هەموو ئاستەکان ئەوە راگەیاندراوە کە کێشەی خۆراکمان نییە، کۆگا و مارکێتەکانمان پڕن، ئەو خەڵکەی کەلوپەلیشی کڕیوە، هەموومان بای زیاتر لە حەفتەیەک کەلوپەلمان لە ماڵ هەیە، ئەوانەی بەپەلە چوونە مارکێتەکان لەسەر چ بنەمایەک چوون؟ ئێمە کە گوتمان ٤٨ کاتژمێر قەدەغەی هاتوچۆیە، چیمان هەیە تا بیشارینەوە؟ وڵاتانێک گوتیان با لێگەڕێن کۆمەڵگە خۆی بەرگری دروست بکات و با ئاستی تووشبوان بەرز ببێتەوە، ئێستا ئەوان شوێن نییە تەرمەکانیانی لێ بشارنەوە یان بسووتێنن! ئێمە دەمانەوێ نەگەینە ئەم قۆناغە. ئەم ڕێوشوێنانە هەروەک وەزیری تەندروستی باسی کرد، ١٠٠٪ کاریگەری لەسەر کەمبوونەوەی تووشبوون دەکرد. لە مەراسیمێکی کۆمەڵایەتی لە ماڵێک ١٤ کەس تووشبوون کە هەموو خزم و کەسی یەکترن. ئەدی ئەگەر ئێستا دەستمان پێکردبا، هەریەکەک لە وڵاتان گەڕاوەتەوە چەندین بەرکەوتە و مەراسیمی دەکرد، دەبووین بە خاوەنی هەزاران حاڵەت“.
دووپاتیشی کردەوە کە ئێستا کێبڕکێ دەکەین تا ژمارەی تووشبوان کەم بن، ئێمە لە قۆناغێکی زۆر باشین، ئەو ڕێکارانە هاوکار دەبن ئەم قۆناغە تێپەڕێنین. ئەم حەفتەیە کە ژمارەی تووشبوان زیادی کردووە، جێگەی مەترسیە. لە مانگی یەکەم ٤ حاڵەتمان هەبووە، ئێستا ئێمە ٢٠٠ حاڵەتمان تێپەڕاندووە، ئەگەر ٣٠٠ و ٤٠٠ و هەزار، حاڵەتی مردنیش رەنگە ببێت، ئێمەش نامانەوێ بگەینە ئەو قۆناغە.
لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا باسی لە کارە خێرخوازییەکان کرد و گوتی: ”بابەتی خێرخوازی شتێکی باش بوو جێگەی سوپاسە، بەڵام خەریکە دەگاتە منەتێک و بۆ شکاندنی هەندێک خەڵک دەکرێت. وای لێهاتووە لایەن و چالاکوان و هەندێک بە شتێکی کەم لە سۆشیال میدیا چەند شتێک ریز دەکەن و دەچن لە کۆڵانەکان دابەشی دەکەن، وەک ئەوەی کە هەڵبژاردن هەبێت، ئەمە بێڕێزییە بەوانەی کە هاوکاری دەکرێن. ئێمە بڕیارمان داوە کە ژمارەیەک بکەینەوە و هەموو حیسابەکان لە شوێنێک کۆبکەینەوە و بە دادپەروەری دابەش بکرێت. زۆرکەس هەن کە رەنگە چەند جارێک هاوکاری کرابن، ڕەنگە کەسانێک عزەت نەفسی بواری نەدات باسیشی بکات. بۆیە بڕیارمان داوە هاوکارییەکان لەمەودوا لە ڕێگەی حکوومەت بێت چونکە حکوومەتی هەمووانە و ڕێگە بدەن بە شێوەیەکی شایستە هاوکاریی هەموان بکەین. چ لە ڕووی مادی و چ لە ڕووی پیتاک هاوکارییەکان کۆدەکەینەوە و لە پارێزگاکان بە ڕێکی هاوکاری دەکەین. با هاوکارییەکان بۆ خوا بێت نەک بۆ کاری ڕیایی. هەموومان ئاوارەیی و دەربەدەریمان دیوە و لە قۆناغێکدا پێویستیمان بە هاوکاری بووە، کەس لە دەرەوەی ئەم کۆمەڵگەیە نەهاتووین، ساڵی ١٩٩١مان لەبیرە، بەڵام پێکەوە تێمانپەڕاندووە، ئێستاش تێیدەپەڕێنین، تکایە با نەبێتە کەسی و حزبی، با ناوەندی بێت“.
بۆ بابەتی کرێچییەکان چەند جار باسمان کرد، لە دوایین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی وەزیران، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی دروست کرد، هەندێک پابەندی هەیە بە یاسا ڕێکخراوە و وەزیرەکانیش ناتوانن دەستکاری بکەن، بەڵام ئێمە بڕیارێک ئامادە دەکەین و دەخەینە بەردەستی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، دواجار ئەو بڕیار دەدات.
باسنيوز
