ئازادكردنی دەمیرتاش نزیك بووەتەوە

 ئازادكردنی دەمیرتاش نزیك بووەتەوە


بەهۆی تەشەنەكردنی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە توركیا و خراپیی رەوشی زیندانەكان، حكوومەتی توركیا لە بەرنامەی دایە زۆرێك لە زیندانەكان ئازاد بكات، بەڵام بە مەرج و بە گوێرەی زانیارییەكانیش سەلاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆكی پێشووی هەدەپە داوای ئازادكردنی كردووە.

ماڵپەڕی (T24)ی توركی ئاشكرای دەكات، پارێزەری تایبەتیی دەمیرتاش بە فەرمی و لەڕێگەی یاداشتێكدا داوای لە وەزارەتی داد كردووە كە دەمیرتاش ئازاد بكەن.

لە یاداشتەكەدا هاتووە، كە رەوشی زیندانەكان لەوپەڕی خراپییە و تیمە تەندروستییەكان وەك پێویست نین، بۆیە ئەگەری بڵابوونەوەی كۆرۆنا بەهێزە، بۆیە داوا دەكەن دەمیرتاش ئازاد بكرێت.

تاكوو ئێستا لەلایەن وەزارەتی دادەوە هیچ وەڵامێكی ئەو یاداشتەی پارێزەری دەمیرتاشیان نەداوەتەوە، بەڵام وەكوو ئەوەی (T24) باسی دەكات، چاوەڕوان دەكرێت لە نزیكترین كاتدا وەڵام بدرێتەوە.

٣ رۆژ بەرلە ئێستا سەرۆك شارەوانییەكی لە كارلادراوی هەدەپە لە مێردین بە مەرج ئازاد كرا، بۆیە وەكوو ئەوەی چەند نووسەرێك باسی دەكەن رەنگە دەمیرتاشیش بە مەرج ئازاد بكرێت.

ئۆیا بایدار نووسەری دیاری (T24) داوا دەكات دەمیرتاش ئازاد بكرێت و لە ماڵەوە زیندانی بكرێت، هەروەها دەكرێت قەدەغەی چوونە دەرەوەی وڵاتیشی بەسەردا بسەپێندرێت.

سەلاحەدین دەمیرتاش (بە کوردیی زازاکی: Selahattîn Demîrtaş) سیاسەتمەدارێکی کوردی زازایە، لە نیسانی ساڵی ١٩٧٣دا لە شارۆچکەی پالۆی سەر بە پارێزگای خارپێتی باکووری کوردستان لەدایکبووە. سەلاحەدین دەمیرتاش لە ساڵی ٢٠٠٧دا لەسەر لیستی پارتی کۆمەڵگای دیموکراتیک (DTP).

ساڵی ٢٠١٢ی زایینی، دەمیرتاش و ھاوحیزبییەکانی، بەمەبەستی پێکھێنانی بەرەیەکی بەرفراوانتر لە چین و توێژە جیاوازەکانی باکووری کوردستان و تورکیا، حیزبێکی چەترئاسای فرەدەنگ بە ناوی پارتی دێمۆکراتیکی گەلان [HDP]یان دامەزراند. دەمیرتاش لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ، لە ٢٢ی حوزیرانی ھەمان ساڵدا، وەک ھاوسەرۆکانی ھەدەپە ھەڵبژێردران.

سەرەنجام لە ٤ی تشرینی یەکەمی ٢٠١٦، لەلایەن حکوومەتی تورکیاوە لەگەڵ فیگەن یوکسەکداغ و ئەندام پەرلەمانەکانی ھەدەپە بە تۆمەتی پەیوەندی لەگەڵ پەکەکە دەستگیر کران.



باسنیوز
Top