نێچیرڤان بارزانی داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات پارەیەک بۆ کەمدەرامەتانی کوردستان تەرخانبکەن

نێچیرڤان بارزانی داوا لە پەرلەمانی عێراق دەکات پارەیەک بۆ کەمدەرامەتانی کوردستان تەرخانبکەن
سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات، نێچیرڤان بارزانی دەیەوێت نووسراوێک ئاراستەی پەرلەمانی عێراق بکات بەمەبەستی تەرخانکردنی پارەیەک بۆ کەمدەرامەتانی هەرێمی کوردستان.

فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، رایگەیاند، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی هەرێمی کوردستان لە بابەتی رێوشوێن و رێکارەکانی رێگریی لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی کۆرۆنا، پشتگیریی هەنگاوەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان و بڕیاری وەزارەکاتەکان دەکات.

سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان ئاشکرایدەکات، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەو پرسەدا بەردەوام لەگەڵ بەغدا لەسەر خەتە و سبەی یان دوو سبەی نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان نووسراوێک ئاراستەی پەرلەمانی عێراق دەکات و داوایان لێدەکات بڕە پارەیەک بۆ هەرێمی کوردستان تەرخانبکەن تاوەکو هاوکاری کەمدەرامەتانی هەرێمی کوردستانی پێبکرێت.

فەوزی هەریری: هەرێمی کوردستان پشتیوانی لە عەدنان زوورفی دەکات

فەوزی هەریری، سەرۆکی دیوانی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە چەند رۆژی رابردوودا نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان چەند جارێک پەیوەندیی تەلەفۆنی لەگەڵ عەدنان زورفی، بەربژێر بۆ پێکهێنانی کابینەی نوێی حکومەتی عێراق کردووە و سەرۆکوەزیرانیش بەهەمانشێوە قسەی لەگەڵ کردووە لەبارەی پێکهێنانی کابینەکەی.

سەبارەت بە پشتگیریکردنی زورفی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە، فەوزیری هەریری هەڵوێستی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستانی راگەیاند و گوتی: سەرۆکی هەرێمی کوردستان جەختیکردووەتەوە کە کێشەی لەگەڵ پاڵپشتیکردنی نییە، هەرکاتێک زورفی توانی لەناو پەرلەمانی عێراق دانیشتنێک بۆ سوێندخواردن سازبکات، ئەوا هەرێمی کوردستان پاڵپشتی دەکات.

گوتیشی: راسپاردنی زورفی کاری لایەنە شیعەکانە و هەرێمی کوردستان ئەوە باش دەزانێ، بۆیە سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان تەنیا دەخوازێت کورد لە گفتوگۆکانی ئەو پرسەدا یەکدەنگ و یەکڕیزبن.










رووداو
Top