وەزارەتی شەهیدان: یەکشەممە لە کەرکووک مووچەی کەسوکاری شەهیدان دابەشدەکرێت

وەزارەتی شەهیدان: یەکشەممە لە کەرکووک مووچەی کەسوکاری شەهیدان دابەشدەکرێت
بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە کەرکووک دەست بە دابەشکرنی مووچەی کەسوکاری شەهیدان دەکرێت.

بەرەڤان حەمدی، بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان راگەیاند "دوو لیژنە لە بانکی برایەتی و بانکی چەرمۆ لە بانیمەقان پێکهێنراون، بڕیارە رۆژی یەکشەممە 5-3-2020 لە بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدانی کەرکووک دەست بە دابەشکردنی مووچەی وارسانی شەهیدانی کەرکووک بکرێت".

بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەشڵێ "کەسوکاری شەهیدان دەتوانن لە یەکشەممەوە تاوەکو چوارشەممەی هەفتەی داهاتوو بچن مووچەکانیان وەربگرن؛ بەجۆرێک مووچەی شەهیدانی سەنگەر رۆژانی یەکشەممە و دووشەممە دابەشدەکرێت، مووچەی شەهیدانی ئەنفال رۆژی سێشەممە و شەهیدانی مەدەنییش رۆژی چوارشەممە دابەشدەکرێت".

بەرەڤان حەمدی داوای لە هاونیشتمانیان کرد، پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان و رێنماییەکانی قەدەخەی هاتووچۆ بن، گوتیشی "لە هەرێمی کوردستان دوای پێنج رۆژ، ئەمڕۆ کۆتایی بە دابەشکردنی مووچەی شەهیدان هات و لە 95%ی کەسوکاری شەهیدان مووچەکانیان وەرگرتووە. سوپاسی بازگەکان، تیمەکانی بانک و تەندروستی دەکەین کە هاوکاریی کەسوکاری شەهیدان بوون لە وەرگرتنی مووچەکانیان".

بریکاری وەزارەتی شەهیدان و ئەنفالکراوانی حکومەتی هەرێمی کوردستان ئەوەشی گوت "مووچەی شەهیدان تەنیا لە بانکی خەلیفان دابەشنەکراوە، ئەویش بەهۆی بابەتی کەرەنتینەوەیە، بۆیە ئەوانەی لە بانکی خەلیفان مووچە وەردەگرن دوای نەمانی کەرەنتینە دەتوانن مووچەکانیان وەربگرن".

هەروەها لە ئاگاداکردنەوەیەکدا، قایمقامیەتی قەزای چەمچەماڵ ئاگاداری سەرجەم وارسی شەهیدانی سەنگەر و هاونیشتمانی و بەخێوکەری شەهیدانی پارێزگای کەرکووک دەکاتەوە، بە هیچ شێوەیەک سەردانی چەمچەماڵ نەکەن بۆ وەرگرتنی مووچە؛ ئاماژە بەوەش دەکات، مووچەکانیان لە بەڕێوەبەرایەتیی شەهیدان و ئەنفالکراوانی کەرکووک لە رێگەی شۆراو دابەشدەکرێت.

ئەمەش لەکاتێکدایە، لەدوای رووداوەکانی 16ی ئۆکتۆبەری ساڵی 2017وە، مووچەی کەسوکاری شەهیدانی کەرکووک لە چەمچەماڵ دابەشدەکرا.






رووداو
Top