لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی لێژنەیەکی پێکهێنا
بە گوێرەی راگەیاندراوێکی سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی کە ئەمڕۆ چوارشەممە ١ی نیسانی ٢٠٢٠ بڵاو کراوەتەوە، ئاماژە بەوە دراوە، لەسەر راسپاردەی مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و دوای ئەو بەیاننامەی کە پێشتر بڵاویان کردووەتەوە، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی بەپێی فەرمانی کارگێریی ژمارە (۳۱٦ لە ۲۰۲۰/۳/۳۰) لێژنەیەکی بۆ بە دواداچوون و کۆکردنەوەی بەڵگە و زانیاری لەبارەی دوو دۆسیە پێکهێناوە.
لێژنەکە بە سەرۆکایەتیی دادوەر ئازاد حەسەن ئەحمەد، سەرۆکی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان و ئەندامێتیی دادوەر پشتیوان سمکۆ نووری، ئەندامی داواکاری گشتی و دادوەر (عەبدولستار محەمەد رەمەزان، ئەندامی داواکاری گشتییە.
ئەم لێژنەیە بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دوو دەنگۆ کە ئەوانیش یەکەمیان گوایە کۆمپانیای (ڕۆزنەفت)ی رووسی بڕی ٢٥٠ ملیۆن دۆلاری بە کەسانێک داوە. دووەمیش گوایە بڕی ملیارێک دۆلاری هەرێمی کوردستان لە بانکێکی لوبنانییە.
پێشتر مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتی بە مەبەستی بەدواداچوون بۆ دەرخستنی راستی یان ناڕاستیی ئەو دەنگۆیانە راسپاردبوو کە لەبارەی ئەم دوو دۆسیەیە باس دەکران.
باسنيوز
