زانیاری نوێ لە سێبیرانەوە..ئەنجامی دڵخۆشکەر هەن
د. دلۆڤان محەمەد، بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر ڕاگەیاند: "لە ٢١ی ٣ـەوە کۆمەڵگای سێبیران کەرەنتین کراوە، لەو ماوەیەشدا ١٥ حاڵەت تۆمار کرا، لەو ١٥ حاڵەتەش منداڵێک کە ھەڵگری ڤایرۆسەکە بوو چاک بووەتەوە و لە نەخۆشخانە دەرچووە."
بەڕێوەبەری گشتیی تەندروستیی ھەولێر جەختیش دەکاتەوە، باری تەندروستیی ھاووڵاتیەکانی تر جێگیرە و خۆشبەختانە ماوەی ٨ ڕۆژە ھیچ حاڵەتێکی نوێ لە کۆمەڵگای سێبیران تۆمار نەکراوە.
ناوبراو داواش لە ھاووڵاتیانی سێبران دەکات پابەندی ڕێنماییەکان بن و ئەم چەند ڕۆژەش ددان بە خۆیاندا بگرن و ئەوانەی نیشانەکانی ڤایرۆسەکەیان ھەیە با سەردانی بنکەی تەندروستیی سێبیران بکەن.
دەزگای خێرخوازیی بارزانی و حكوومەتی ھەرێمی كوردستان ڕێكاری پێویستیان گرتووەتە بەر بۆ ئەوەی كەرەنتینە نەبێتە بارگرانی بەسەر ھاووڵاتیانی كۆمەڵگەكەدا و لە یەكەم ڕۆژی كەرەنتینەوە بەردەوام ھاوكاری گەیەندراوەتەوە دانیشتووانی سێبیران.
جووتیار شەھاب، كە دانیشتوویەكی كۆمەڵگەی سێبیرانە گوتی: "دۆخی ھاووڵاتیانی سێبیران باشە و بەردەوام حكوومەت و لایەنە پەیوەندیدارەكان لەسەر ھێڵن و ئێمەش ئەوەی لەسەرمانە جێبەجێكردنی ڕێنماییەكانی وەزارەتی تەندروستییە و، پابەندین و ورەمان زۆر بەرزە و دڵنیاین نەخۆشییەكە تێدەپەڕێنین".
مێوان زرار، كە یەكەم توشبووی ڤایرۆسەكەیە لە كۆمەڵگەی سێبیران ڕاگەیاند: "تەندروستیی ھەموو توشبووانی كۆمەڵگای سێبیران جێگیرە و كەسمان تا ئێستا پێویستمان بە ئامێرەكانی ھەناسەی دەستكرد نەبووە و، چاوەڕێ دەكەین چەند ڕۆژی داھاتوو دوای ئەنجدامدانی پشكنینی كوتایی لە نەخۆشخانە دەرچین".
ئەڕشەد محیەدین، كارمەندی بنكەی تەندروستیی سێبیرانە دەڵێت: "دوای كەرەنتینەكردنی كۆمەڵگەی سێبیران بنكەی تەندروستیی كۆمەڵگەكە بە شێوەی ٢٤ كاتژمێر لە ئێشكگریدایە و ھەموو پێداویستییەكانی تەندروستی لەم بنكەیە بەردەستن".
كۆمەڵگەی سێبیران دەكەوێتە ڕۆژئاوای شاری ھەولێر، نۆ كیلۆمەتر لە سەنتەری ھەولێر دوورە و، زیاتر لە ١٤٠٠ ماڵی تێدایە و ژمارەی دانیشتووانی ٥٦٠٠ كەسە، لە ٢٣ی ٣ی ٢٠٢٠ بەھۆی ھەبوونی حاڵەتی ڤایرۆسی كۆڕۆنا بە بڕیاری حكوومەتی ھەرێمی كوردستان كەرەنتین كرا و دواتر ٣٥٠ پشكنین بۆ دانیشتوانەكەی ئەنجام درا، خۆشبەختانە ھەمووان نێگەتیڤ دەرچوون.
PDK
