لە رۆژئاوای کوردستان 9 سەنتەری کەرەنتینە هەن

لە رۆژئاوای کوردستان 9 سەنتەری کەرەنتینە هەن
تاوەکو ئێستا قەدەخەی هاتووچۆ لە قامشلۆ رانەگەیێندراوە و رۆژانە دووکان و بازاڕەکان کراوەن، بەڵام ترسی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە هەیە و چەند رێکارێکی سەرەتایی بۆ رێگریکردن لە بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکە گیراونەتەبەر.

سەلمان ئیبراهیم، دەرمانساز داوا لە هاونیشتمانیان دەکات بۆ خۆپاراستن لە ماڵەکانیان بمێننەوە و دەڵێ، ئیتاڵیا و ئیسپانیا ڤایرۆسەکەی تێدا بڵاوبووەتەوە ئیدی قامشلۆ چۆن ئەگەری بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسەکەی نییە.

خەڵک لە ئێستاوە روویان لە بازاڕەکان کردووە، ماسک و دەستەوانە و ماددەکانی پاککردنەوە خواستێکی زۆریان لەسەرە. هاوکات نەخۆشخانەکان رێکاری پێویستیان گرتووەتەبەر و ئامادەکارییان کردووە بۆ پێشوازیکردن لە هەر کەسێک ئەگەر تووشی ڤایرۆسەکە ببێت.

چەند نەخۆشخانەیەک تایبەتکراون بە مامەڵەکردن لەگەڵ تووشبووانی ڤایرۆسی کۆرۆنا، هاوکات بە گوتەی بەرپرسانی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان، تاوەکو ئێستا نۆ سەنتەری کەرەنتینەکردنیان ئامادەکردووە و هەوڵی دابینکردنی کەلوپەلە پێویستەکان دەدەن.

جوان مستەفا، لە بەشی تەندروستیی بەڕێوەبەرایەتیی خۆسەر لە رۆژئاوای کوردستان باسی لەوە کرد، بەگشتی نۆ ناوەندی کەرەنتینەکردن هەن.

بەپێی ئامارە فەرمییەکان تاوەکو ئێستا بەتەنیا یەک کەس لە سووریا تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنابووە، بەڵام لە رۆژئاوای کورستان و باکووری سووریا تاوەکو ئێستا هیچ حاڵەتێکی تووشبوون بە ڤایرۆسەکە تۆمارنەکراون.


رووداو
Top