توشبوویەکی نوێی کۆرۆنا لە کەرکووک تۆمارکرا
دکتۆر سەباح نامیق، بەڕێوەبەری بەشی تەندروستیی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک و ئەندامی شانەی قەیرانەکان راگەیاند، "ئافرەتەکە خەڵکی ناعیەی تازە خورماتووە، چەند رۆژێکە لە نەخۆشخانە ماوەتەوە و چەند نەخۆشییەکی دیکەی هەیە، باری تەندروستیی زۆر ناجێگیرە و بەرگری لەشی کەمبووەتەوە".
بە گوتەی بەڕێوەبەری بەشی تەندروستیی گشتی لە فەرمانگەی تەندروستیی کەرکووک، ئێستا ئەو ئافرەتە لە نەخۆشخانەی کەرکووکی گشتی لەژێر چاودێریی وردی پزیشکیدایە و لە هەوڵدان بیگوازنەوە بۆ نەخۆشخانەی ناوچەی پیشەسازیی باشوور.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی عێراق، تاوەکو ئێستا ژمارەی ئەو کەسانەی لە عێراق و هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون 316 کەسن، 75 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و 27 کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
بەپێی ئامارەکانی وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستانیش، تاوەکو ئێستا 91 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون، لەو ژمارەیەش 22 کەس چاکبوونەتەوە و دوو کەسیش گیانیان لەدەستداوە.
تووشبوون بە کۆرۆنا لە پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەم شێوەیەیە:
- سلێمانی: 60 تووشبوو، 22 تووشبوویان چاکبوونەتەوە و دوو کەس گیانیان لەدەستداوە.
- هەولێر: 28 کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
- دهۆک: دوو کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
- هەڵەبجە: یەک کەس تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بوون.
بە گوتەی سەرپەرشتیاری چارەسەرکردنی کۆرۆنا لە سلێمانی، پێدەچێت سبەینێ پێنج تووشبووی دیکەی کۆرۆنا لەو شارە بنێردرێنەوە ماڵەوە، ئەمەش بەهۆی چارەسەربوونیان.
رووداو
