عەلی قەرەداغی: لەو وڵاتانەی نوێژی بەکۆمەڵ راگیراوە دووبەرەکی دروست نییە
ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان ئاماژەی بەوە کردووە، ئەگەر کەسێک تووشی ڤایرۆسی کۆرۆنا بووبێت و ئەوەی لە خۆیدا شاردەوە، ئەوا دوو تاوانی كردووە، تاوانی درۆكردن و شاردنەوە و فێڵكردن لەلایەک، لەلایەکی دیکەوە تاوانی بوونە هۆی تووشبوونی كەسانی دیکە و بڵاوبوونەوەی نەخۆشییەكە.
د. عەلی قەرەداغی، ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان ئەوەی خستووەتەڕوو "زۆر قسە و قسەڵۆک گوتران سەبارەت بە فەتوای داخستنی مزگەوتەکان، هەندێک لە موفتییەکان بە فەتوای سۆزدارانە و فاسقکردنی گەورە زانایان و یەکێتییەکانیان تۆمەتباردەکرێن بۆیە دەڵێم: ئەوانە تاوانی هەرکەسێک لەئەستۆ دەگرن کە تووشی کۆرۆنا ببێت یاخود بەهۆیەوە بمرێت".
ئەمینداری گشتیی یەكێتیی جیهانیی زانایانی موسڵمان دەشڵێ، هەركەس ببێتە هۆی تووشبوونی كەسانی دیکە، ئەوا بەشێك لە گوناهباری و تاوانی دەستدرێژی لەسەر كەسانی دیکە ئەنجامداوە. هاوکات فەرموودەیەکی پێغەمبەر (د.خ) بە بەڵگە هێناوەتەوە کە فەرموویەتی "موسڵمان ئەو كەسەیە كە موسڵمانان پارێزراو و سەلامەتبن لە زمان و لە دەستی. موسڵمانی راستەقینە ئەو كەسەیە ئەوەی بۆ خۆی پێیخۆشە بۆ براكەشی پێیخۆشبێت، ئەوەی بۆ خۆی پێیناخۆشە بۆ براكەشی پێیناخۆشبێت".
ئەمەش لەکاتێکدایە لە هەرێمی کوردستان تاوەکو ئێستا 39 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەو ژمارەیەش نۆ کەسیان چاکبوونەتەوە و یەک کەسیش گیانی لەدەستداوە، لەناو تووشبووەکاندا دوو منداڵی چوار ساڵ و پێنج ساڵ هەن.
