وەزارەتی تەندروستی: کەسێکی دیکە لە سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوو

وەزارەتی تەندروستی: کەسێکی دیکە لە سلێمانی تووشی کۆرۆنا بوو
وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تووشبوونی ئافرەتێکی لە شاری سلێمانی بە کۆرۆنا راگەیاند کە تەمەنی 27 ساڵانە و هاوڕێی تووشبووەکەی دوێنێیە.

لە راگەیێندراوی وەزارەتی تەندروستی لەبارەی ئاماری نوێی کۆرۆنا لە هەرێمی کوردستان هاتووە، لە 24 کاژێری رابردوو 156 پشکنین ئەنجامدراون، کە 80 کەسیان لە هەولێرن، 62 کەس لە سلێمانی، 14 کەسیان لە دهۆک بوون.

لەبارەی ژمارەی کەرەنتینکراوان، وەزارەتی تەندروستی دەڵێت، تاوەکو ئیستا چوار هەزار و 358 کەس لە 35 شوێنی جیاواز کەرەنتین کراون، ئێستا تەنها هەزار و 718 کەس ماونەتەوە و دوو هەزار و 640 کەسیش گەڕاونەتەوە ماڵەوە. "ئەمڕۆ 93 کەسی دیکە کەرەنتین کراون، 22 کەسیان لە هەولێر، 57 کەسیان لە سلێمانی پێنج کەس لە دهۆک و نۆ کەس لە هەڵەبجە.

38 کەس لە هەرێمی کوردستان تووشی کۆرۆنا بوون، وەزارەتی تەندروستیی دەڵێت، نۆ کەسیان چاکبوونەتەوە و کەسێک گیانی لەدەستداوە. ئەوانی دیکەش لەژێر چاودێریی پزیشکیدان.

وەزارەتی تەندروستیی جەختدەکاتەوە کە هاونیشتمانییان لە ماڵەکانیان بمێننەوە و پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان بن، لە کاتی پێویست پەیوەندی بە هێڵی بەپەلەی ژمارە 122 بکەن.
Top