جێگری پارێزگاری هەولێر: 625 شوفێر بەهۆی سەرپێچیی قەدەخەی هاتووچۆ سزادراون

جێگری پارێزگاری هەولێر: 625 شوفێر بەهۆی سەرپێچیی قەدەخەی هاتووچۆ سزادراون
جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند، بەهۆی پابەندنەبوونی بەشێک لە شۆفێران بە قەدەخەی هاتووچۆوە سزای 625 شۆفێر سزادراون و دەڵێت "بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆکردن لەنێوان قەزاکانیش دەگرێتەوە".

هێمن قادر، جێگری پارێزگاری هەولێر رایگەیاند "بڕیاری قەدەخەی هاتووچۆ بەردەوامە. دوای ئەوەی قەدەخەکە بۆ ماوەی 72 کاژێری دیکە درێژکرایەوە، لە دوێنێوە کەوا دەکاتە سێیەم رۆژی قەدەخەی هاتووچۆ، بەهۆی پابەندنەبوونیان بە قەدەخەی هاتووچۆوە، لە هەولێر 625 شوفێر سزادراون".

جێگری پارێزگاری هەولێر ئاماژەی بەوەش کرد "دوو رۆژی یەکەمی قەدەخەکردنی هاتووچۆ، رۆژانی شەممە و یەکشەممە (14 و 15ی ئاداری 2020) رێگە بە هاونیشتمانیان نەدەدرا هاتووچۆ بکەن، بەڵام هەندێک رێکار بۆ دابینکردنی پێویستییە سەرەکییەکانی هاونیشتمانیان گیرایەبەر. بڕیاری هاتووچۆکردنەکە تەنیا بۆناو سەنتەری هەولێر نییە، بەڵکو لەنێوان قەزاکانیش هاتووچۆکردن قەدەخەیە".

جێگری پارێزگاری هەولێر باسی لەوە کرد، هێزە ئەمنییەکان دەستکراوەن لێپرسینەوە لەو هاونیشتمانیانە بکەن کە پابەندی قەدەخەی هاتووچۆ نابن.

وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە رێنمایی ژمارە 19دا باسی لەوە کرد، هەر شۆفێرێک بۆ جارێک پێشێلی قەدەخەی هاتووچۆ بکات 100 هەزار دینار سزادەدرێت، ئەگەر سەرپێچییەکەی دووبارە ببێتەوە بە 300 هەزار دینار سزا دەدرێت و پێنج رۆژیش دەست بەسەر ئۆتۆمبێلەکەیدا دەگیرێت.

ئەو رێنماییەی وەزیری ناوخۆ لەکاتێکدایە کە سەرەڕای قەدەخەی هاتووچۆ لەنێو هەولێر و سلێمانی بەڵام هەندێک لە شۆفێران سەرپێچی دەکەن و پابەندنابن.
Top