وێڕای داخرانی، جموجۆڵی بارهەڵگر لە ڕێگەی مەرزی پەروێزخانەوە بەردەوامە
بەپێی تۆمارێکی ڤیدیۆیی کە لە چەند لاپەڕەیەکی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاو کراوەتەوە و ئاماژە دراوە کە شەوی ڕابردوو تۆمار کراوە، وادەردەکەوێت کە وێڕای قەدەغەکردنی هاتوچۆ لە مەرزی پەروێزخان لە سنووری پارێزگای سلێمانی، هێشتا جموجۆڵی بارهەڵگر لە مەرزەکەدا هەیە.
لەمبارەیەوە كه‌ریم عه‌لی، ئه‌ندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی لە فراکسیۆنی گۆڕان رايگەیاند، ئه‌م گرته ڤیدیۆییەی بڵاو كراوه‌ته‌وه، هێشتا روون نەبووەتەوە کە بەرواری تۆمارکردنەکەی كه‌یه؟ ”ئه‌گه‌ر زانیاریمان و بۆ روون بووەوە، هه‌موو شت ئاشكرا ده‌كه‌ین، چونکە بە بڕیاری وه‌زاره‌تی دارایی، ده‌بوایە سه‌رجه‌م كاری مەرزەکان ڕابگیرێت، بۆیە له‌م ماوه‌یه هه‌ر شتێك هاتبێته ژووره‌وه، نایاساییه“.
ئەوەشی نەشاردەوە کە لە سنوورەکەیاندا مەرزەکان کۆنتڕۆڵ ناکرێت و گوتی: ”له بازاڕی سلێمانی هێلكه ئه‌وه‌نده زۆره، بۆ ناوچه‌كانی دیكه دەنێردرێت، ئه‌م هێلكهیە به‌پێی بڕیاری وه‌زاره‌تی كشتوكاڵ قەدەغەیە، خێره ئێستا دێتە ژووره؟ كه‌وایه به قاچاغ به‌رده‌وام له‌م مهرزانهوە شت دێته ژووره‌وە، به‌دڵنیاییه‌وه شه‌وانه به‌بێ رێنمایی و به‌بێ پشكنین، كه‌لوپه‌ل دێته ژووره‌وە، به‌رپرسانی ده‌روازه‌ی باشماخیش ساڵی رابردوو هاواریان لێهه‌ڵسا و گوتیان به‌بێ رێنمایی شت دێته ژووره‌وه".
بە گوتەی ئەم بەرپرسەی گۆڕان، لە مەرزەکانەوە ”به‌رده‌وام به قاچاخ و بە هێزی ئه‌منی، كه‌لوپه‌لی قاچاخ دێته ژووره‌وە“.
بۆیە بەڵێنی دا، پەیوەندی له‌گه‌ڵ به‌رپرسی مه‌رزی پهروێزخانەوە بکات و وردەکارییەکەی بزانێت. گوتیشی: ”به‌داخه‌وه دەسەڵاتێک به‌سه‌ریاندا زاڵه“.
هەر لەمبارەیەوە به‌رزان حامید، ئه‌ندامی فراکسیۆنی پارتی لە ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی رايگەیاند: "به‌دواداچوون له‌مباره‌وه ده‌كرێت و دەبێت سه‌رچاوه‌ی ئه‌و رووداوه ئاشكرا بكرێت، چونكه ناكرێت به هیچ شێوه‌یه‌ك له هیچ مهرزێكهوه كه‌لوپه‌ل بێته ژووره‌وه".
باسنيوز
