سەرمایەدار و دەوڵەمەندانی كەلار نەخۆشخانەیەكی 70 قەرەوێڵەیی دروست دەکەن

 سەرمایەدار و دەوڵەمەندانی كەلار نەخۆشخانەیەكی 70 قەرەوێڵەیی دروست دەکەن
ئەمڕۆ شەممە، سەرمایەدار و دەوڵەمەندانی كەلار بەڵێنیی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی (70) قەرەویڵەییان دا كەلە نزیك نەخۆشخانەی گشتیی كەلار و لە ماوەی ١٥ ڕۆژدا سازی دەکەن.

ئیبراهیم زەریف، یەكێک لە خاوەن سەرمایەكانی كەلار، راگەیاند: "بەمەبەستی دروستكردنی نەخۆشخانەیەكی (70)، قەرەویڵەیی لە شاری كەلار، ئەمڕۆ شەممە14/3/ 2020 لە ئیدارەی گەرمیان لە شاری كەلار كۆ بووینەوە."

گوتیشی: "بەڵێنمان داوە لە ماوەی 15 رۆژدا لە نزیك نەخۆشخانەی گشتی كەلار نەخۆشخانەكە دروست بكەین کە رووبەرەکەی پێنج هەزار مەتر و ناوی قەڵا دەبێت."

ئەوەشی خستە ڕوو: "دامودەزگاكانی ئیدارەی گەرمیان و بەتایبەت تەندروستی و شارەوانی بەڵێنیان داوە هاوكارمان بن."

هەر ئەمڕۆ پاش كۆبوونەوەیان لەگەڵ ئیدارەی ناوچەكە، خاوەن سەرمایە و دەوڵەمەندانی كەلار بەڵێنیی دروستكردنی ئەو نەخۆشخانەیان لە پرێس کۆنفرانسێکدا راگەیاند.

هاوکات هەڤاڵ ئیبراهیم گوتەبێژی ئیدارەی گەرمیان ئەم هەواڵەی پشتڕاست کردووەتەوە و ئاشکرای کردووە ناوی نەخۆشخانەکە قەڵا دەبێت و لەلایەن خێرخواز و دەوڵەمەند و سەرمایەدارانی کەلارەوە ساز دەکرێت و تایبەتە بە نەخۆشە گوازراوەکان.




باسنیوز
Top