لە سلێمانی دوو کەس بەتۆمەتی هێنانەوەی خەڵک بە قاچاخ دەستگیرکران
بەپێی راگەیێندراوەکە، ئەو دوو تۆمەتبارە لەلایەن مەفرەزەکانی بنکەی پۆلیسی گەرمکی سەر بە بەشی پۆلیسی پێنجوێن دەستگیرکراون، پاش کۆکردنەوەی زانیاریی ورد لەسەریان و وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، دەستگیرکراون کە هەریەکە لە (ر، ص ف - ن، ص، ف)ن و دانیشتووی گوندە سنوورییەکانی قەزای پێنجوێنن.
دوو تۆمەتبارەکە ئێستا بە بڕیاری دادوەر راگیراون و لێکۆڵینەوە لەگەڵیاندا بەردەوامە.
هەر لە راگەیێندراوەکەی پۆلیسی سلێمانیدا هاتووە "لەسەر فەرمانی عەمیدی مافپەروەر ئاسۆ شێخ تەھا بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی، سەرجەم ھێزەکانی پۆلیس لە سنووری پارێزگای سلێمانی لە ئامادەباشی زیاتردان بۆ ھاوکاریکردنی ھێزە ئەمنییەکانی دیکە و تیمە فریاگوزارییەکانی تەندروستی و قایمقامییەت بەمەبەستی جێبەجێکردنی ئەو رێوشوێنانەی بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی کۆرۆنا گیراونەتەبەر".
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی پارێزگای سلێمانی داوا لە هاونیشتمانیان بەگشتی و دانیشتووانی ناوچە سنوورییەکان دەکات "ھەر حاڵەتێکی گوماناوییان بەدیکرد لە ھێنانە ناوەوە و دەربازکردنی خەڵک بەشێوەی نایاسایی لەو ناوچانەوە بۆناو ھەرێمی کوردستان، بەزووترین کات ھێزەکانی پۆلیسی لێ ئاگاداربکەنەوە لەڕێگەی ھێڵە گەرمەکانی 104 بەشی پۆلیسی فریاکەوتن و ژمارە 105 بەشی پۆلیسی نەھێشتنی تاوان".
بەهۆی ئەو کەسانەی لە ئێرانەوە گەڕاونەتەوە 19 تووشبووی ڤایرۆسی کۆرۆنا تۆمارکراون، لەو ژمارەیە یەک تووشبوویان گیانی لەدەستداوە و کەسێکیشیان چاکبووەتەوە.
