زانیاری له‌باره‌ى ئه‌و گه‌نجه‌ى هه‌ولێر بڵاو كرایه‌وه كه تووشى ڤایرۆسى كۆرۆنا بووه
ئه‌مڕۆ سێشهكممه 10/3/2020، به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تیی گشتیی ته‌ندروستیی كۆیه، له په‌یجى فه‌رمیی خۆى، ڕوونكردنه‌وه‌یه‌كى د. کامەران عه‌باس، بەڕێوبەری گشتیی تەندروستیی کۆیەى له‌باره‌ى ئه‌و گه‌نجه‌ى هه‌ولێر بڵاو كردووه‌ته‌وه و ڕاى گه‌یاندووه: "هاووڵاتییەکی دانیشتووی شاری هەولێرە و له ئێران قوتابییه، دوای گەڕانەوەی، ماوەی 14 ڕۆژ لە سلێمانی لە دابڕگه‌ى پزیشكى (کەرەنتین) بووە، دوای هاتنە دەرەوەی گومانی لەسەر بووە، پاشان لە ناحیەی ئاشتی سەردانی چەند خزمێکی کردووە، دواتر لەلایەن تیمەکانمان ڕەوانەی هەولێر کراوەتەوە و دەرکەوتووە تووشی ڤایرۆسى كۆرۆنا بووە".
باسى له‌وه‌ش كردووه، سەرجەم ئەو هاووڵاتییانەی بەرکەوتنیان لەگەڵی هەبووە، له دابڕگه‌ى پزیشكین.
هه‌ر له‌مباره‌یه‌وه محه‌مه‌د قادر، گوته‌بێژی وه‌زاره‌تی ته‌ندروستیی حكوومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، ڕايگه‌یاند: "دوێنێ دووشه‌ممه 9/3/2020، حاڵه‌تێكی كۆرۆنا له هه‌ولێر تۆمار كرابوو، كه گه‌نجێكى ته‌مه‌ن 25 ساڵ بوو، ئه‌و گه‌نجه له‌به‌ر ئه‌وه‌ی سه‌ردانی كۆیه‌ی كردبوو، به‌شێك له میدیاكان وایان زانی له كۆیه ئه‌و حاڵه هه‌بووه بۆیه به‌ڕێوه‌به‌رى گشتیی به‌رێوه‌به‌رایه‌تیی ته‌ندروستیی كۆیه ئه‌و ڕوونكردنه‌وه‌ی بڵاو كردووه‌ته‌وه".
گوتیشی: "سه‌رجه‌م خێزان و ئه‌و كه‌سانه‌ی ئه‌و گه‌نجه سه‌ردانی كردوون، خراونه‌ته دابڕگه‌ى پزیشكییه‌وه".
باسنيوز
