لە خانەقین سێ گەنجی كورد دەستگیر كران

لە خانەقین سێ گەنجی كورد دەستگیر كران
چالاكێکی مەدەنیی خانەقین، دەستگیركردنی سێ گەنجی كوردی لەلایەن هێزە ئەمنییەكانی قەزاكەوە لە گوندێكی سەر بە قەزای خانەقین ڕاگەیاند كە یەكێكیان پێشمەرگەیە.

ئەمیر عەلی، چالاكوانی مەدەنی لە خانەقین، ڕايگەیاند "سەرلەبەیانی ئەمڕۆ 10/3/2020 هێزە ئەمنییەكان هەڵمەتێكی گەڕان و پشكنینیان لە گوندەكانی سنووری خانەقین دەست پێ كردووە و لە گوندی (شیرك)ی سەر بە قەزای خانەقین، 3 گەنجی كوردیان دەستگیر كردووە".

گوتیشی: "هەڵمەتەكە پاش هێرشەكەی شەوی ڕابردووی چەكدارانی داعش بۆ سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی لە گوندی (عەلی سەعدوون) هاتووە كە بە هۆیەوە ژمارەیەك چەكدار كوژران و بریندار بوون".

ڕوونیشی كردەوە: "دەستگیركراوەكان بریتین لە (سەلام كاكی) كە پیشەی پێشمەرگەیە لەگەڵ (ئەحمەد كامەران) كە پیشەی كاسبە و (عەبدوڵا عەلی) كە پیشەی شوانە".

پێشتر تەلعەت ڕەفعەت، بەرپرسی ئاسایشی نەخۆشخانەی گشتی خانەقین، ڕايگەیاند "شەوی ڕابردوو لە گوندی (عەلی سەعدوون) ی سەر بە قەزای خانەقین، چەكدارانی ڕێكخراوی داعش هێرشیان كردووەتە سەر هێزەكانی حەشدی شەعبی و بەوهۆیەوە 2 چەكدار كوژراون و 3 چەكداری دیكەش بریندار بوون".












باسنيوز


Top