بۆردوومانی تورکیا خانووی هاونیشتمانییەک لە باڵەکایەتی دەڕووخێنێت
شاخەوان وەرتی، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ رایگەیاند: بۆردوومانەکە لەلایە فڕۆکەکانی تورکیاوە ئەنجامدراوە. کاژێر 05:30 خولەک بووە و سەنتەری گوندی ماونانی گرتووەتەوە، بەھۆیەوە خانووی ھاونیشتمانییەک بە ناوی ئازاد مەلا نەبی رووخاوە.
بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ ئاماژە بەوەشدەکات، خەڵکی لە ترس و دڵەڕاوکێدان بەو پێیەی ناوەڕاستی گوندەکە کراوەتە ئامانج.
بە گوتەی شاخەوان وەرتی، بۆردوومانەکە ھەریەک لە بەرزاییەکانی کەرگوێ و قۆپی سێکانیانیشی گرتووەتەوە.
دۆڵی باڵەیان 14 گوندی تێدا ئاوەدانە، بەڕێوەبەری ناحیەی قەسرێ دەشڵێت، دوای مانگێکی دیکە دەبێتە جێگەی ئاژەڵداران، جووتیار و مێشەوانەکان، بۆیە بۆردوومانکردنی زیانی گیانی و ئابووری دەبێت.
