وەزارەتی تەندروستی: ژنە دووگیانەکەی هەولێر لە خوشکەکەیەوە تووشی کۆرۆنا بووە

وەزارەتی تەندروستی: ژنە دووگیانەکەی هەولێر لە خوشکەکەیەوە تووشی کۆرۆنا بووە
یەکەم تووشبووی کۆرۆنا لە هەولێر ژنێکی دووگیان بوو، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان دەڵێت، ئەمڕۆ کەسێکی دیکە لە هەولێر تووشی کۆرۆنا بوو کە ئافرەتێكی تەمەن 52 ساڵە و خوشکی تووشبووەکەی شاری هەولێرە.

ئەمڕۆ یەکشەممە 08-03-2020، وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان تووشبوونی سێ کەسی دیکەی بە ڤایرۆسی کۆرۆنا راگەیاند کە دووانیان لە سلێمانییە و یەکێکی دیکەش لە هەولێرە، بەمەش ژمارەی تووشبووان بۆ 13 کەس بەرزبووەوە کە یەکێک لەوانە مامۆستایەکی ئایینی بوو و لە سلێمانی گیانی لەدەستداوە.

وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لەبارەی ئەو کەسانەی ئەمڕۆ ئەنجامەکەیان دەرچووە و تووشی کۆرۆنا بوون دەڵێت "لەماوەی 24 کاژێری رابردوو پشکنین بۆ 56 گۆمانلێکراو ئەنجامدرا: لە هەولێر 37، سلێمانی 18 و دهۆك 1 کەس کە لە نێویاندا سێ نەخۆش دەرەنجامی پشکنینی تاقیگەیی پۆزەتیڤ دەرچوو و هەڵگری ڤایرۆسی کۆرۆنای نوێ COVID-19 یە. یەکێک لەوانەی تووشبووە ئافرەتێكی تەمەن 52 ساڵە و خوشکی تووشبووەکەی دوێنێی شاری هەولێرە کە لە وڵاتی ئێران گەڕاوەتەوە لە کەرەنتین دانرابوو".

دوو تووشبووەکەی دیکە لە سلێمانی تۆمارکراون و پیاون "یەکێکیان تەمەن 53 ساڵە و لە ئێران گەڕاوەتەوە و کەرەنتین کرابوو ئەوەی دیکەیان 52 ساڵ بەرکەوتووی تووشبووەکەی شاری سلێمانی بوو کە گیانی لەدەستداوە".

بەپێی دوایین ئاماری وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان، ژمارەی ئەو هاووڵاتیانەی کە لە کەرەنتینەکان بوون دوو هەزار و 918 هاووڵاتین لە 31 شوێنی جیاواز.

ئێستا تەنها هەزار و 128 هاووڵاتی لە کەرەنتین ماونەتەوە و هەزار و 790 هاووڵاتی دەرچوون و گەڕانەوە ناو خانەوادەکانیان دوای تەواوبوونی ماوەی 14 رۆژ.

ئێستا ژمارەی تووشبووان لە هەرێمی کوردستان 13 کەسە کە 10 کەسیان لە سلێمانییە، یەکێکیان گیانی لەدەستداوە و یەکێکی دیکەش چاکبووەتەوە. هەروەها لە هەولێر تاوەکو ئێستا 3 کەس تووشی کۆرۆنا بوون.
Top